ئەمریکا: ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی بەدەستەوە نییە و هەزاران کەشتی رۆژانە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا “سێنتکۆم”، رەتیدەکاتەوە کە ئێران کۆنترۆڵی تەواوی تنگەی هورمزی بەدەستەوە بێت و دەڵێت، هەزاران کەشتی لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە تێپەڕیوون.

سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X رایگەیاند، بانگەشەی بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بەوەی هێزە دەریاییەکانی ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە، راست نییە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا توانای هێزە دەریاییەکانی ئێرانیان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە و وتی، ئێران ناتوانێت بانگەشەی کۆنترۆڵی تەواوی ئەو گەرووە بکات.

بەپێی سێنتکۆم، بەڵگەی نەبوونی کۆنترۆڵی تەواوی ئێران بەسەر گەرووەکەدا، بەردەوامبوونی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە؛ فەرماندەییەکە دەڵێت، هەزاران کەشتی لە گەرووەکەدا تێپەڕیوون و تەنها لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت لەو رێڕەوە ئاوییەوە گوازراوەتەوە.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی سێنتکۆم بەشێکە لە مشتومڕێکی بەردەوامی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئەوەی کێ توانای کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزی هەیە.

سێنتکۆم پێشتریش لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ رایگەیاندبوو، رێڕەوەکانی هاتوچۆی ئازاد لە گەرووی هورمز کراوەن و گەرووەکە بەڕووی هەموو ئەو کەشتییانەدا کراوەیە کە بە شێوەی یاسایی بە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکەدا تێدەپەڕن. هەمانکات سێنتکۆم وتبووی، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئامادەن بۆ پاراستنی ئازادیی هاتوچۆ.

لە ٢٠ی حوزەیرانیشدا، سێنتکۆم بە فەرمی رایگەیاندبوو کە تەنها لە یەک رۆژدا ٥٥ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون و زیاتر لە ١٧ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرەو بازاڕە جیهانییەکان گواستووەتەوە.

لە بەرامبەردا، تاران بەردەوامە لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە ئێران رۆڵی سەرەکی لە کۆنترۆڵ و پاراستنی گەرووی هورمزدا هەیە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی وزە لە جیهان و بەشێکی بەرچاو لە نەوت و گازی بەکارهاتووی بازاڕی جیهانی بە ڕێگەی ئەو گەرووەدا دەگوازرێتەوە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە ئاستی ئاسایش و هاتوچۆی کەشتییەکاندا کاریگەرییەکانی لە سنووری ئێران و ئەمریکا تێدەپەڕێت و دەتوانێت بازاڕی جیهانیی وزەش بگرێتەوە.