وەزارەتی پێشمەرگە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکی هەستیاردایە و بەبێ سیستەمی بەرگری جێهێشتنی هەرێم مایەی نیگەرانییە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بکشێنەوە و ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجام دەدرێت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و ئەو دۆخە پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بەردەوامبوونی ناسەقامگیرییەکانی ناوچە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکات.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانیرابردوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە و بەشێک لەو هێرشانە ناوچە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون و زیانی ماددیش کەوتووەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە دۆخێکی ئاڵۆزی ناوچەییدا جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت دڵنیایە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق، لە ئەرکە لەپێشینەکانی حکومەتی فیدراڵە و بەغدا بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێم لە کاتی پێویستدا لە ئەستۆ دەگرێت.

سەبارەت بە ئامادەکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە هێزی پێشمەرگە، وەک چۆن لە رابردوودا پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نەخوازراو و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان هەیە.

وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کردووە و ڕێزی لە هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ساڵانی رابردوودا گرتووە.