میدیای ئەڵمانی: ئەمریکا لە عێراق کشاوەتەوە بەڵام هێشتا بەفەرمی راینەگەیاندووە

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی “دی پی ئەی” بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا پڕۆسەی کشانەوەیان لە عێراق بە تەواوی کۆتایی پێهێناوە و هەموو هێزە شەڕکەر و یەکەکانی پاڵپشتی لۆجستی خاکی عێراقیان بەجێهێشتووە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو بەرپرسە عێراقییە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە رووی مەیدانییەوە پڕۆسەی کشانەوەکە بە تەواوی تەواو بووە، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە هیچ راگەیاندنێکی فەرمی هاوشێوە لەلایەن واشنتنەوە نەدرابوو.

هەمان زانیاری لەلایەن ژمارەیەک میدیای ئەڵمانی و ئەورووپییەوە، لەوانە Der Spiegel، Tagesspiegel و ORF، بڵاوکراوەتەوە. ORF بە پشتبەستن بە dpa دەڵێت هەموو هێزە شەڕکەرە ئەمریکییەکان و هێزەکانی پاڵپشتی لۆجستی عێراقیان بەجێهێشتووە و لە کاتی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە هێشتا پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە نەبوو.

بەپێی زانیارییەکانی پێنتاگۆن، لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق مابوونەوە. لە قۆناغە کۆتاییەکانی کشانەوەدا، بەشێک لەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر مابوونەوە، هەروەها پێگەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و هەندێک شوێنی سەربازی لە ناوچەی سەوزی پایتەختیش لە پێگەکانی پێشووی هێزە ئەمریکییەکان بوون.

لە هەفتەکانی پێش کشانەوەی کۆتایی، پڕۆسەی گواستنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکان لە هەولێر خێراتر کرابوو. ئاژانسی هەواڵی عێراقیش پێشتر بە پشتبەستن بە راپۆرتی Al-Monitor بڵاویکردبووەوە کە هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوەی دوا هێزەکانیان لە کەمپی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کردووە و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی Patriot ـیش هەڵوەشێنراونەتەوە و گوازراونەتەوە.

کشانەوەکە بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیەنرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، کۆتا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و کشانەوەی هێزەکان لە عێراق، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دیاریکرا.

لە هەرێمی کوردستان، کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان و بەتایبەتی لابردنی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی نیگەرانی دروست کردووە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە چەند لێدوانێکدا نیگەرانی لەوە دەربڕیوە کە هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بەبێ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بمێنێتەوە.

لە بەغدا، حکومەت کشانەوەکە بە قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا دەزانێت. بەرپرسانی عێراقی دەڵێن دوای کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی، بابەتی حەشری چەک بە دەستی دەوڵەت و ڕێکخستنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

ئەوەی لە ئێستادا گرنگە ئەوەیە، بەپێی dpa و بەرپرسێکی حکومەتی عێراق، کشانەوەی مەیدانی پێش وادە فەرمییەکە، واتە پێش ٣٠ی ئەیلوول، کۆتایی هاتووە؛ بەڵام تا ئێستا واشنتن بە فەرمی ڕای نەگەیاندووە کە دوا سەربازی ئەمریکی خاکی عێراقی بەجێهێشتووە.