
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، حکومەتی فیدراڵ بە پێچەوانەی رێککەوتنەکان مامەڵەی لەگەڵ ئەنجامەکان کردووە و چەند پێشێلکارییەکی ئەنجام داوە.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکانی سەرژمێری پێش تەواوکردنی پڕۆسەی بەراوردکردن لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957 راگەیەنراون و تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان پەراوێز خراون.
حکومەتی هەرێم هەروەها دەڵێت، رێژەی دانیشتووانی هەرێم بە بیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران دابەزێنراوە، لە کاتێکدا هەرێم میوانداری و خەرجییەکانیان لە ئەستۆ دەگرێت؛ هەروەها زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکان بە شێوەیەک هەژمار کراون کە حکومەتی هەرێم رەخنەی لێ دەگرێت.
لە بەشێکی دیکەدا، حکومەتی هەرێم دەڵێت 13.8 ملیار دینار کە بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم تەرخان کرابوو، خەرج نەکراوە و داتا خاوەکانی سەرژمێریش نەدراونەتەوە.