
سوپا و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شاباک) ڕایانگەیاند کە محەمەد ئەبو عەلوان، بەرپرسی بەشی دارایی حەماس، لە هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە کوژراوە.
بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و شاباک، ئەبو عەلوان بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی حەماس بووە و لە ماوەی جەنگدا بەڕێوەبردنی گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیار شیکیل بۆ داراییەکانی ئەو ڕێکخراوەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە هەمان هێرشەدا کە ئۆتۆمبێلەکەی لە ڕۆژئاوای خان یونس کرایە ئامانج، کەسێکی دیکەش بە ناوی ئوسامە ئەبو خاتەر کوژراوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل وتوویەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە سەرچاوە دارایی و تواناکانی حەماس بەردەوام دەبێت. تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، حەماس هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بە کوژرانی ئەبو عەلوان نەکردووە.