
ڕووناکیی ژووری خەوتن لە کاتی خەودا تەنیا ڕێگر نییە لە خەوێکی ئارام، بەڵکو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەش زیاد دەکات.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر زیاتر لە ۱۱ هەزار کەس کراوە، ئاشکرای دەکات کە ئەو کەسانەی لە کاتی خەودا لەبەر ڕووناکیدان، گۆڕانکاری لە قەبارە و کارکردنی دڵیاندا ڕوودەدات و زیاتر لە ژێر مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک و سستبوونی دڵدا دەبن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕووناکیی شەوانە، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت، لە ڕێگەی چاوەوە دەگاتە مێشک و ڕێژەی هۆرمۆنی میلاتۆنین کەم دەکاتەوە. ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە دابەزینی سروشتیی پەستانی خوێن لە کاتی خەودا.
ئەم ڕووناکییە تەنیا گڵۆپە بەهێزەکان نین، بەڵکو ڕووناکیی شەقامەکان، ڕووناکیی ژێر دەرگا، و شاشەی مۆبایل و کاتژمێری ئەلیکترۆنیش هەمان کاریگەرییان هەیە.
بۆ خۆپاراستن، ژووری خەوتنەکەت تا پێت دەکرێت تاریک بکە و پەردەی ئەستوور بەکاربهێنە. هەروەها مۆبایلەکەت لەسەر پشتەکەی دابنێ یان لە جێگەی خەوت دووری بخەرەوە. ئەگەر پێویستیشت بە ڕووناکی بوو لە شەودا، ڕووناکیی کەم و گەرم (زەرد) بەکاربهێنە.