
سندوقی گەڕاندنەوەی سامانی عێراق، ڕایگەیاند ١٣ ملیۆن دۆلار لە پارەکانی عێراق کە بە بڕیاری دادوەری لە بانکەکانی فەرەنسا دەستیان بەسەردا گیرابوو، گەڕێنراونەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.
سندوقەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە ئەنجامی بەدواداچوون و ڕێکارە یاساییەکانی سندوق بووە، کە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دراون.
محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گەڕاندنەوەی سامانی عێراق و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ڕایگەیاند دوای تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی عەرەبیی سویسری (Arab Bank Switzerland)، ١٣ ملیۆن دۆلارەکە ڕاستەوخۆ خرایە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوی نوێی سندوقەکەدا هۆکاری وردی دەستبەسەرداگرتنی ئەم ١٣ ملیۆن دۆلارە ئاشکرا نەکراوە. هەروەها ناوی ئەو بانکە فەرەنسییانەی پارەکەیان لێ هەڵگیراوە، خاوەنی سەرەتایی هەژمارەکان و ژمارە و بەرواری بڕیاری دادگاکە بڵاونەکراونەتەوە.
بەڵام فەرەنسا لەو وڵاتانەیە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن مامەڵەی یاسایی لەگەڵ سامان و داراییە بلۆککراوە پەیوەستەکان بە عێراق کردووە.