
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە تا حوزەیرانی ٢٠٢٧ گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەک دادەماڵن، جەختیشیکردەوە کە گرووپەکان ٩٠ ڕۆژیان لەبەردەستدایە و دوای ئەوە بە دەرچوو لە یاسا هەژمار دەکرێن.
زەیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ڕایگەیاند کە پلانەکە بۆ داماڵینی چەک بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دوو هاوپەیمانە سەرەکییەکەی، واتە ئەمریکا و ئێران.
وتیشی: “پلانی داماڵینی چەک ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە.”
زەیدی دەڵێت: “کەسانی تر باسیان لەم بابەتە کرد و دواتر پاشەکشەیان کرد، خۆیان بەدەستەوە دا بەهۆی گوشارەکان یان ترسی دیکەوە، بەڵام بۆ من، ئەم بابەتە لەگەڵ دۆسیەی گەندەڵی، بابەتی شەرەف و کەرامەتە.”