لە مۆبایلەکەتەوە تاوەکو کارەکەت.. 4 ڕەفتاری ڕۆژانە کە دەروونت ماندوو دەکەن

دەکرێت پاراستنی تەندروستیی دەروونی بە زیادکردنی خووی نوێ بۆ ڕۆژەکەت دەست پێ نەکات، بەڵکو بە پێداچوونەوەی ئەو ڕەفتارە دووبارەبووانە بێت کە ئاسایی دیارن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبنە سەرچاوەی پەستان و ماندوێتی.

ئەنجامدانی یەکێک لەم ڕەفتارانە بە شێوەیەکی کاتی بە مانای بوونی کێشەیەکی دەروونی نایەت، هەروەها کاریگەرییەکە بۆ هەموو کەسێک بەهەمان شێوە نییە؛ بەڵام بەردەوامبوونیان و کاریگەرییان لەسەر خەو، کار و پەیوەندییەکان، دەکرێت پێویستی بە گۆڕانکاری لە ڕۆتینی ڕۆژانەدا بێت.

ئەم خووانە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “دیلی ستار”ی بەریتانی، بریتیین لە:

گەڕان لەناو ناوەڕۆکی بێزارکەر لە شەواندا؛ دەکرێت ئاگاداربوون لە هەواڵەکان بگوێزرێتەوە بۆ گەڕانی بەردەوام لەناو ناوەڕۆکی نەرێنیدا، کە تێیدا بەکارهێنەر لە هەواڵێکی نیگەرانکەرەوە دەچێت بۆ هەواڵێکی تر بەبێ ئەوەی ئاگاداری کات بێت.

کارکردنی بەردەوام بەبێ پشوو؛ پەستانی بەردەوام بەبێ پشوو و نەبوونی سنوور لە نێوان کار و ژیانی تایبەتدا، دەکرێت بێتە هۆی “پەککەوتنی پیشەیی” یان “داتەپینی دەروونی”.

پشتگوێخستنی هەستە نەرێنییەکان؛ دەکرێت دواخستنی دەربڕینی هەستەکان لە هەندێک بارودۆخدا یارمەتیدەر بێت، بەڵام پشتبەستنی بەردەوام لەسەر سەرکوتکردنی خەم، تووڕەیی یان دڵەڕاوکێ ئەو هۆکارانە چارەسەر ناکات کە لە پشتیانەوەن.

پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پەستانی بەردەوام؛ پەیوەندییەکان سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانین، بەڵام دەکرێت ببنە هۆکاری پەستان کاتێک ڕەخنەی بەردەوام، کەمکردنەوەی بەها، داواکاریی ماندووکەر یان نەبوونی ڕێز باڵیان بەسەردا دەکێشێت.

لە کۆتاییدا، یەک خوو بە تەنیا تەواوی بارودۆخی دەروونی ڕوون ناکاتەوە. بەڵام ڕێکخستنی بەرکەوتن لەگەڵ ناوەڕۆکی نەرێنی، دانانی سنوور بۆ کار، مامەڵەی هۆشیارانە لەگەڵ هەستەکان، و پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ماندووکەرەکاندا دەکرێت هەندێک لە سەرچاوەکانی پەستانی ڕۆژانە کەم بکاتەوە.

ئەگەر دڵەڕاوکێ، خەم یان تێکچوونی خەو بەردەوام بوو، یان کاریگەری لەسەر توانای کارکردن و ڕاپەڕاندنی ژیانی ئاسایی دروست کرد، دەبێت ڕاوێژ بە پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی بکرێت.