
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی ستارلینک پاش تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکان دەکەونە بەردەست بەکارهێنەران.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بارە ڕاوەستاوەکانی ئەو ئامێرانە، بە مەبەستی خێراکردنی گەیاندنیان بۆ هاووڵاتییان.
سەبارەت بە دواکەوتنی ئامێرەکانیش، دەستەکە ڕوونی کردەوە کە ڕێکارەکانی ئەوان هۆکار نەبووە، بەڵکو دواکەوتنەکە بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی سیستمی ئەسکۆدا لەلایەن کۆمپانیای ستارلینک خۆیەوە گەڕاوەتەوە.
کۆمپانیاکە لە هەفتەی ڕابردوودا سەرجەم پێداویستییە یاساییەکانی تایبەت بە باج و داخڵکردنی گومرگی تەواو کردووە، ئەمەش دۆسیەکەی خستووەتە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی و ڕێگە خۆش دەکات بۆ هاتنی خێرا و ئاسانی بارەکانی داهاتووش.