نیویۆرک تایمز: چوار بژاردە لەسەر مێزی ترەمپە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا رای جیاواز هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەشێکیان داوای هێرشی سەربازی دەکەن و بەشێکی تریان پشتگیری لە گفتوگۆ دەکەن. لەبەر رۆشنایی ئەم دۆخە، ترەمپ تاوتوێی چوار بژاردەی سەرەکی دەکات.

یەکەم بژاردە هێرشی سەربازیی بەرفراوان و بەهێزە، کە تێیدا ئەمریکا بۆ ماوەی چەند رۆژێک هێرش دەکاتە سەر کەرتی وزە، بنکە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی مووشەک و درۆنەکانی ئێران. مەترسییەکەی ئەوەیە کە ئێران کاردانەوەی توندی دەبێت و نرخی نەوت لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

دووەم بژاردە لێدانی ورد و سنووردارە، کە تێیدا تەنیا هێرش دەکرێتە سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکان و دەست بۆ کەرتی وزە و نەوت نابرێت، تاوەکو رێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە بکرێت. کەموکوڕییەکەی ئەوەیە کە رەنگە هەژموون و توانای کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا وەک خۆی بمێنێتەوە.

سێیەم بژاردە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستانە، کە بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکە و مەبەست لێی رێککەوتنە. کۆسپەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا داوا دەکات سەرەتا ئێران دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ببێت ئینجا سزاکان لاببرێن و پارەکانی ئازاد بکرێن، بەڵام تاران بە پێچەوانەوە داوا دەکات پێشوەختە پارە و سزاکانی بۆ چارەسەر بکرێت.

چوارەم بژاردە گەمارۆی دەریایی و سازشی کاتییە، کە بریتییە لە بەردەوامبوونی رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رێگەی دەریاوە، لەگەڵ رێککەوتنێکی کاتی بۆ ئەوەی گەرووی هورمز کراوە بمێنێتەوە و هێزەکانی ئەمریکاش کەم بکرێنەوە. کەموکوڕییەکەی ئەوەیە کە کێشەکە بنبڕ ناکات و قەیرانەکە زیاتر درێژە دەکێشێت.