
سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیان بکەن و بە زووترین کات ناکۆکییەکە چارەسەر بکەن. ئەو هۆشداریی دا کە دابەشبوونی پەرلەمان دەکرێت ببێتە هۆی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان.
سەڵاحەدین بەهائەدین لە لێدوانێکدا کە تەلەفزیۆنی حیزبەکەی بڵاوی کردووەتەوە، وتی یەکگرتوو هەوڵی داوە پارتی و یەکێتی پێکبێن. بە وتەی ئەو، لایەنەکانی دیکەش هیوایان بە باشتر بوونی دۆخەکە هەبوو، بەڵام ناکۆکییەکان دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو وتی پێکهێنانی پەرلەمان خواستی هەموو لایەنەکانە، بەڵام لە بۆچوونی ئەودا نەبوونی پەرلەمان باشترە لە پەرلەمانێکی دابەشبوو کە یەکپارچەیی هەرێم بخاتە مەترسییەوە. ئەو جەختی کردەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکگرتوویی پەرلەمان دەبێت لە پێشینەدا بن.