رەوتی هەڵوێست دوورخستنەوەی سارا موحسین و سازگار فایەقی لە رەوتەکە راگەیاند

رەوتی هەڵوێست ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا دوورخستنەوەی دوو ئەندامی پەرلەمانی رەوتەکەی راگەیاند.

رەوتی هەڵوێست رایگەیاند: دوای ئەوەی سارا موحسین و سازگار فایەق، لە دەرەوەی بڕیاری هەڵوێست رۆشتنە دانیشتنی پەرلەمان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەیان لە رەوتی هەڵوێست.

ئاماژە بەوەش کراوە: ئەم دوو پەرلەمانتارە بە هەردووکیان تەنیا (هەزار) دەنگیان هێناو بە کۆتا دەرچوون.

ئەوەش روون کراوەتەوە: دروشمی بانگەشەی ئێمە تەسلیم نەبوون بوو بەم دەسەڵاتە، ئێستاش دەنگی خەڵکی ناڕازی ببەن و تەسلیمی ئەو دەسەڵاتەی بکەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکە دەڵێت: زۆر کەس بوون بە مێژوو، پۆست و پارەیان دەستکەوت، بەڵام متمانە و کەسایەتیان لەدەستدا.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، پێشتر عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاندبوو کە رەوتەکەیان بڕیاری داوە بەشداری لە دانیشتنەکە نەکات.