دوو ساڵ زیندان بۆ عالیە نوسەیف و پێنج ساڵ بۆ رائد ئەلجبوری

دادگەی تاوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندیی عێراق، بەهۆی سوودوەرگرتن لە پۆستی گشتی، عالیە نوسەیف جاسم و رائد ئەلجبوری بە حوکمی زیندانی توند سزا دا. دادگەکە هەروەها پابەندی کردوون بە گەڕاندنەوەی 10  ملیار دینار بە شێوەی هاوبەش.

بەپێی راگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی عێراق، حوکمەکە بە ئامادەبوونی تۆمەتباران دەرچووە: نوسەیف بە 2  ساڵ زیندان و ئەل جبوری بە 5 ساڵ زیندان سزا دراوە.

دەستەکە دەڵێت کەیسەکە پەیوەندی بە سوودوەرگرتن لە کار و گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوورەوە هەبووە، بەوەی کاریگەرییان لە سپاردن و پارەدانی گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیا و کەسانی پەیوەست بە خۆیان داناوە.

دادگا بڕیاری داوە بەڵگەکانی کەیسەکە بەس و قایلکەر بوون و حوکمەکەی بە پشتبەستن بە ماددەی 319ی یاسای سزادان دەرکردووە.