
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پۆستێک لە ئێکسدا هێرشی توندی کردووەتە سەر تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، و تۆمەتباری کردووە بە رۆڵگێڕان لە کۆمەڵکوژیی پێکهاتەکانی سووریا.
شامی دەڵێت تۆم باراک ئەندازیاری کۆمەڵکوژییەکانی دژی کورد، عەلەوی و درووزەکانە،دەشڵێت شێوازی کارکردنی ئەو لەسەر باجگیری، مامەڵەی گوماناوی و سەپاندنی بڕیار بە هەڕەشە و زۆرەملێ دامەزراوە.
ئەو بەرپرسە پێشووەی هەسەدە، شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی سووریا لەلایەن باراکەوە بە شێوازێکی مافیایی وەسف کردووە و رایگەیاندووە کە مامەڵەکانی پشت دەرگای داخراو و رۆڵی ئەو لە پەرەپێدانی ناکۆکی و خوێنڕشتن، بۆ هەمیشە بە نهێنی نامێننەوە.
شامی هەروەها پێی وایە، هەرچەندە سوورییەکان لە کاریگەری و شێوازەکانی باراک دوور بکەونەوە، ئەوەندە لە داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر نزیک دەبنەوە. لە پۆستێکی دیکەشدا وتوویەتی، کێشەکە تەنها بەرژەوەندیی دارایی یان مامەڵەی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دوژمنایەتی لەگەڵ پێکهاتە رەسەنەکانی ناوچەکە و مافیان بۆ ژیان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانەوە هەیە.