
مێژوو سەلماندویەتى خیانەت لە نیشتمان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکان لە سەرەتاو یەکەم هەنگاودا ئاشکرا نابێت، بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر دەمامکی شۆڕشگێڕیدا دەمێنێتەوە، ئەم جۆرە کەسانە هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتە تۆتالیتارەکانەوە وەک چەکێکی کاریگەر بەکارهێنراون. بە تێپەڕبوونی کات و روودانی پێشهاتەکان، راستییەکان دەردەکەون، دەمامکەکان دەدڕێن و ناپاکان چ لە ژیاندا مابن یان لە گۆڕدابن، پاساوەکانیان هەرچی بووبێت دەبنە قێزەونترین رووداوەکانى مێژوو و دەکەونە بەر نەفرەتی هەمیشەیی خەڵک. با بەچەند نموونەیەک ئەم بابەتە بخەینەڕوو.
تۆڕی هەواڵگریی قەیسەر لە دڵی بەلشەفییەکانى سۆڤیەتدا
پێش شۆڕشی 1917، دەزگای هەواڵگریی قەیسەری (ئۆخرانا) دزەی کردبووە نێو باڵاترین ئاستی شۆڕشگێڕەکان. رۆمان مالینۆڤسکی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەلشەفییەکان و نزیکترین کەس لە لێنین، زانیاریی دەدا بەقەیسەر بۆ دەستگیرکردنی ستالین و بوخارین، دوای شۆڕش ئاشکرا بوو و لە 1918 گولـلەباران کرا. هاوکات یێڤنۆ ئازێف، سەرکردەی باڵی چەکداریی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان، سیخوڕی ئۆخرانا بوو و بۆ شاردنەوەی ناسنامەکەی لەپاڵ پلانی تیرۆرکردنی وەزیری ناوخۆدا هاوڕێکانیشی رادەست دەکرد، دوای ئاشکرابوونی هەڵات و لە ئەڵمانیا بە گۆشەگیری و هەژاری سەرى نایەوە.
سێبەری بەریتانیا لەناو سوپاى کۆماری ئێرلەندا
لە ئێرلەندای باکوور، ناوی دێنیس دۆناڵدسن ئەندامی باڵای سوپای کۆماریی ئێرلەندا و حزبی شین فێن ، لە ساڵی 2005 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دانی بەوەدانا زیاتر لە 20 ساڵ بە نهێنی لە بەرامبەر پارەدا کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کردووە، دۆناڵدسن پاش ماوەیەکی کەم، لە کێڵگەیەکی دابڕاودا لە ساڵی 2006 بە تەقەی تفەنگێکی نەناسراو کوژرا.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕەپانی عەرەبیدا نموونەی بەرچاو لەسەر ئەم دیاردەیە زۆرن:
ئەبو نیدال دوای جیابوونەوەی لە بزوتنەوەى فەتح، گرووپەکەی لەلایەن مۆسادەوە بەکار دەهێنرا و هاوڕێ شۆڕشگێڕە فەلەستینیەکانی تیرۆر دەکرد ، لە 2002 لە بەغدا بە تەمومژاوی کوژرا، موسعەب حەسەن یووسف، کوڕی سەرکردەیەکی دیارى حەماس، 10 ساڵ بەناوى خوازراوى “شازادەی سەوز”ـەوە سیخوڕی بۆ شاباک دەکرد و لە 2007 هەڵات بۆ ئەمریکا، ئەشرەف مەروان زاوای جەمال عەبدولناسر، کاری بۆ مۆساد دەکرد و لە 2007 لە باڵکۆنى شووقەکەیەوە لە لەندەن فڕێدرایە خوارەوە، جەنەڕاڵ عەلی-رەزا عەسگەری یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵاى ئێران، پاش گومانی پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا، لە 2007 لە ئیستەنبوڵ بێسەروشوێن کرا.
بزووتنەوەی کوردایەتیش لەمە بەدەر نەبووە: لە باکوور، شەمەدین ساکیک دوای جێهێشتنی پەکەکە و دەستگیرکردنی لە لایەن تورکیاوە، وەک هەواڵدەرێکی نهێنی دژی پەکەکە دانى بەهەموو شتێکدا ناوە و ئۆجەلانیش وتوویەتى سیخوڕبووە و لەبەر کارەکانى فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە، دواتر حوکمەکەی گۆڕدراوە بۆ هەتاهەتایی، لە باشوورى کوردستانیش، ئەگەرچی پێشتر شۆڕش لەنێوقوڵایی چیاکاندا سیخوڕە ئاساییەکانی لەسێدارە دەدا، بەڵام دوای 2003 و دەرکەوتنى دۆسیەى ئەمنی هەندێک لەسەرکردەکان، لە یاداشتەکانى بەشێکیشیاندا دەرکەوت کە بەشێکیان پەیوەندیی ژێربەژێر و فرەلایەنیان لەگەڵ سەرانی بەعسدا (وەک سەدام، عێزەت دورى، بارزان تکریتى و عودەى و قوسەى و عەلى کیمیاویشدا) هەبووە. سەرەڕای ئەوەش، نەک سزا نەدراون، بەڵکو بوونەتە ئەمیر و وەزیر و سەرۆک و شتى تریش، ئەمەش ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە:
بۆچی تا ئێستاش کۆمەڵگە بە چاوی سەرکردە و پێشەواو شۆڕشگێڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و سەیریان دەکات؟