فەرەنسا 70 هەزار پۆلیسی بۆ خۆپیشاندانی هالۆوین جێگیر دەکات

فەرەنسا ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، 70 هەزار پۆلیسی لە سەرانسەری وڵات جێگیر دەکات، حکومەت نیگەرانە خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی توند بگۆڕێن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوو هەفتە پێشتر لە ناڕەزایەتییەکاندا دوکان و باڵەخانە گشتییەکان تاڵان و زیانیان پێگەیشت.

وەزیری ناوخۆ، لۆران نونێز، رۆژی خۆپیشاندانەکەی بە مەترسییەکی زۆر بۆ نەزمی گشتی وەسف کردووە و وتوویەتی پۆلیس بە توندی وەڵامی هەر توندوتیژییەک دەداتەوە. بە وتەی ئەو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەوازی کۆبوونەوەی توندوتیژ بڵاوکراوەتەوە، بەتایبەتی بۆ کاتژمێرەکانی ئێوارە، دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانە رێکخراوەکان.

هۆکاری هۆشدارییەکان تەنها هاوکەوتنی خۆپیشاندانەکان لەگەڵ هالۆوین نییە. حکومەت نیگەرانە هەندێک کەس جلوبەرگی هالۆوین و دەمامک بۆ شاردنەوەی ناسنامەیان و بەشداریکردن لە توندوتیژیدا بەکاربهێنن. نونێز وتوویەتی یاسا ڕێگە بە قەدەغەکردنی رووپۆشکردنی دەموچاو دەدات، ئەگەر مەترسی لەسەر نەزمی گشتی هەبێت.

بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە. خوێندکاران لە سەر بارودۆخی قوتابخانەکان، پۆلە قەرەباڵغەکان و سیستەمی وەرگرتنی زانکۆکان ناڕازین، دواتر ناڕەزایەتییەکە بڵاو بووەوە و سەندیکا و هەندێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی “هێلەگ زەردەکان”یش تێیدا بەشدار بوون. ئەوان لەگەڵ داواکارییەکانی خوێندکاران، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، کرێ و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیشیان خستووەتەڕوو.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، لە خۆپیشاندانی هەفتەی رابردوودا نزیکەی 410 هەزار کەس بەشدار بوون، هەفتەی پێشویش کە نزیکەی 550 هەزار کەس بەشدار بوون، چەندین شار تووشی تاڵانکردن و تێکدانی دوکان و شوێنە گشتییەکان بوو. لە پاریس، دەسەڵاتداران ر0ێگای خۆپیشاندانەکان لە ناوەندی شار دوور خستووەتەوە و هەندێک ناوچەشیان لە شەودا بە کاتیی داخستووە.

خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆش بە بەشێک لە مشتومڕی بودجەی 2027 پەیوەستن. حکومەت لە ژێر فشارە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و قەرزی گشتی، بەڵام ناڕازییەکان دەڵێن ئەو سیاسەتانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و لاوازیی خزمەتگوزارییەکان بارگرانی زیاتر دەخەنە سەر خەڵک. سەندیکاکان و خوێندکاران هەروەها بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندانی دیکە و رۆژی مانگرتنی نیشتمانی لە 5ی تشرینی دووەم کردووە.