
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بە شێوەی ئێستای نەخاتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، تا پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ دەکرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی تێدا مسۆگەر دەکرێن.
ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە بەشی هەرێم لە بودجە دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی 14.14%ی دانیشتووان دیاری بکرێت، ئەو رێژەیەی ئەنجومەن دەڵێت پشت بە ئەنجامی دوا سەرژمێریی گشتی دەبەستێت.
ماددەی 10 و دۆسیەکانی نەوت و وزە تاوتوێ کران
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم ئەنجامی دوا گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، سەبارەت بە ماددەی 10ی رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتوو، خستەڕوو.
هەروەها ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێم تاوتوێ کرا، شاندەکە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و بە بەشداریی وەزیرانی نەوت و کارەبا، لەبارەی دۆسیەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی رەشنووسی بودجەدا گفتوگۆی کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و، بەپێی هەڵوێستی ئەنجومەن، بودجە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشی ئامادە بکرێت، نە بە بڕیار و رێکاری تاکلایەنەی بەغدا.
شاندی هەرێم پێشنیاری جێگرەوە پێشکەش دەکات
ئەنجومەن شاندی دانوستانکاری راسپاردووە، ئەو بڕگە و خشتانەی رەشنووسی بودجە دیاری بکات کە حکومەتی هەرێم بە نادەستووری و پێشێلکەری مافە داراییەکانی خۆی دەزانێت.
بەپێی راسپاردەکە، شاندەکە دەبێت تێبینییەکان، لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەکان و بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، ئاراستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی حکومەتی عێراق بکات، بۆ پێداچوونەوە و راستکردنەوەی رەشنووسەکە.
داوا بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت چاوەڕوانە بودجەی 2027، لە سەردەمی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی و دەستووریی کێشە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نە دووبارەکردنەوەی ناکۆکییەکانی ساڵانی رابردوو.
حکومەتی هەرێم هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە پابەندە بە ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی، بەڵام دەستبەرداری ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و هاووڵاتیانی نابێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێم هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی خستووەتە بەردەستی بەغدا و لە رێگەی دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتەوە وردبینیی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. ئەنجومەن لەسەر ئەو بنەمایە، رەخنەی لە سەپاندنی مەرجی تاکلایەنە لە بودجەدا گرتووە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دووپات کردەوە و داوای بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم بپارێزێت.