
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی بۆ موحسن رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ناردووە، وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت ئامانج لێی پشکنینی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە، لە کاتێکدا هەڕەشەی هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتەکە، کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار لە بابەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، نامەکە و پەیوەندییەکانی دوای ئەوە زیاتر لەسەر دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆ بوون، نە پێشکەشکردنی پێشنیارێکی ورد و تەواوی ئاشتی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، رەزامەندیی خۆی بە پەیوەندییەکە پشتڕاست کردەوە، بەڵام جەختی لە لایەنی مرۆیی کردەوە و وتی ڤانس باسی هاوکاریکردنی ئێرانی لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکاندا لەگەڵ کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە سەرچاوەکانی جۆرناڵ وتوویەتی نامەکە بە ئاراستەکردنی ترەمپ نێردراوە.
لە بەرامبەردا، بەپێی هەمان راپۆرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتوویەتی زانیاریی لەبارەی پەیوەندییەکەوە نییە. وتەبێژی ڤانس ئامادە نەبووە وردەکاریی گفتوگۆکان ئاشکرا بکات و وەڵامێکی رەزایی یان ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لە راپۆرتەکەدا نەخراوەتەڕوو.
هەوڵەکە لە کاتێکدا دەدرێت کە هێشتا ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان هەیە. واشنتۆن داوای هەنگاو لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە دەکات، لە کاتێکدا تاران داوای سووککردنی فشارە ئابوورییەکان، ئازادکردنی سامانە بەستراوەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی دەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندووە وڵاتەکەی بەردەوام دەرفەت بە دیپلۆماسی دەدات و لەگەڵ ناوبژیوانان پەیوەندیی هەیە. بەڵام تا ئێستا نە دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستان بە فەرمی راگەیەنراوە و نە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ملمڵانێکە ئاشکرا کراوە.