
بانکی حوکمیی رەشید لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە ، لەمەودوا بەکارهێنەرانی کارتە ئەلیکترۆنییەکانی بانکەکە دەتوانن لە رێگەی سەرجەم بنکەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە باڵانسی کارتەکانیان پڕبکەنەوە، بە بەرزترین ئاست کە دەگاتە دوو ملیۆن دیناری عێراقی لە ڕۆژێکدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی بانکەکە، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ سەرجەم هەڵگرانی کارتە ئەلیکترۆنییەکانی بانکی رەشید لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەستە، بە جۆرێک دەتوانن لە رێگەی ئەو بنکە و پۆینتانەی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS) کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە، رۆژانە تاوەکو بڕی دوو ملیۆن دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان.
بانکی رەشید ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی فراوانکردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییە دیجیتاڵییەکان، ئاسانکاری بۆ مامەڵەی دارایی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە کاش، تاوەکو کڕیاران بتوانن بە ئاسانی سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان وەربگرن و بژاردەی زیاتریان بۆ پڕکردنەوەی باڵانس لەبەردەستدا بێت.