قەیرانی کەرتی بانکی لە عێراق و نەخشەڕێگەی چاکسازیی

پێشەکی

کەرتی بانکی لە هەر وڵاتێکدا بە کۆڵەکەی سەرەکیی گەشەپێدان، پاراستنی سامانی نیشتمانی و جووڵێنەری کاروانی ئابووری دادەنرێت، لە عێراقدا ئەم کەرتە بۆ چەندین دەیەیە بە دەست کێشەیەکی پێکهاتەیی و پاشەکشەیەکی گەورەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی داهاتێکی بێشوماری نەوت و سەروەتێکی دارایی گەورەیە، بەڵام بانکەکان نەیانتوانیوە ئەرکی سەرەکیی خۆیان جێبەجێ بکەن کە کۆکردنەوەی پاشەکەوتی هاووڵاتییان و خستنەگەڕیەتی لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەدا. زۆرینەی هەرە زۆری چالاکییە داراییەکان لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانەدا دەسوڕێنەوە، کە ئەمەش ئابووریی وڵاتی لە گۆڕانکارییە سەردەمییەکان دابڕیوە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە.

هۆکارەکانی لاوازی کەرتی بانکی

کۆمەڵێک هۆکاری بنەرەتی لە پشت لاوازی کەرتی بانکی لە عێراقەوەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  1.  دابڕانی هاووڵاتییان و نەمانی متمانە بە بانکەکان

متمانە بەردی بناغەی کاری بانکییە، بەڵام لە نێوان هاووڵاتییانی عێراق و بانکەکاندا کەلێنێکی دەروونی و مێژوویی قووڵ دروستبووە، ئەزموونی تاڵی دەیەکانی رابردوو، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانی، گەمارۆ ئابوورییەکان و لەدەستچوونی پاشەکەوتی خێزانەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، وایکردووە خەڵک بانک وەک شوێنێکی نائارام بۆ پاراستنی ماڵ و سامانیان ببینن، لە ئێستادا زۆرینەی رەهای هاووڵاتییانی پێگەیشتوو خاوەنی هیچ جۆرە هەژمارێکی بانکی نین، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕێکی زۆر پارەی نەختینە لە ماڵەکاندا بە شێوەی دەستی هەڵبگیرێت، سەرەڕای ئەوەش، کاتێک خەڵک دەبینن ژمارەیەک لە بانکە ناوخۆییەکان دووچاری سڕکردن و کێشەی دەستبەسەرداگرتن دەبنەوە، دڵەڕاوکێیان زیاتر دەبێت لەوەی لە کاتی پێویستدا نەتوانن دەستیان بە پاشەکەوتەکانیان بگاتەوە.

2-  دواکەوتوویی ژێرخانی ئەلیکترۆنی

لە سەردەمێکدا کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا سەرجەم سنوورەکانی خێرایی و گواستنەوەی بڕیوە، زۆربەی بانکەکانی عێراق هێشتا بە عەقڵیەت و رێگەی کۆن کار دەکەن و پشت بە تۆماری دەستی و کاغەز دەبەستن, لقە بانکییەکان بە تۆڕێکی پەیوەندیی تۆکمە و خێرا بە یەکترییەوە نەبەستراونەتەوە، ئەمەش کاتێکی زۆر لە بەڕێکردنی سادەترین مامەڵەدا بەفیڕۆ دەدات. لە لایەکی ترەوە، کەمیی ئامێرەکانی راکێشانی پارە و خاڵەکانی فرۆشتن لە ناوبازاڕ، نەخۆشخانە، مارکێت و ناوەندە گشتییەکاندا، هاووڵاتیی ناچار کردووە بەردەوام پارەی دەستی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت، چونکە هیچ دەرفەتێکی راستەقینە بۆ بەکارهێنانی کارتی بانکی لە ژیانی رۆژانەدا دەستەبەر نەکراوە.

3- زاڵبوونی ئابووریی پارەی کاغەز و لێکەوتە مەترسیدارەکانی

پشتبەستنی تەواو بە دراوی کاغەز لەبری سیستمە بانکییەکان، قورساییەکی گەورەی دارایی بۆ گەنجینەی گشتی دروست کردووە و بازاڕێکی تاریک و نادیاری هێناوەتە کایەوە, لە کڕین و فرۆشتنی زەویوزار و خانووبەرەوە تا دەگاتە ئۆتۆمبێل و بازرگانییە گەورەکان، هەموویان لە دەرەوەی چاودێریی بانک ئەنجام دەدرێن، کە ئەمەش دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ چاودێریکردنی سووڕی دراو و کۆکردنەوەی باج لاواز دەکات. هاوکات ساڵانە سامانی نیشتمانی بۆ چاپکردنەوە، گواستنەوە، پاراستن و لەناوبردنی ئەو دراوە کاغەزییانە بەهەدەر دەچێت کە بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامەوە دەپووکێنەوە و لەناو دەچن.

4- گەندەڵی، بردنە دەرەوەی سامان و سپیکردنەوەی پارە

دیاردەی گەندەڵی و شاردنەوەی سەرچاوەی سامانی نایاسایی گورزێکی گورچکبڕی لە ناوبانگی کەرتی بانکیی عێراق داوە و  بۆ چەندین ساڵ، فرۆشتنی فەرمیی دراوی بیانی بۆ دابینکردنی پێداویستییە بازرگانییەکان، لەلایەن بازرگانانی نایاسایی و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە بۆ بردنە دەرەوەی دراو و دەستکەوتی خێرا بەکارهێنراوە. هەروەها دامەزراندنی هەندێک بانکی ناوخۆیی بەبێ هەبوونی چالاکیی راستەقینەی خزمەتگوزاری و تەنها وەک باڵی دارایی بۆ لایەن و گرووپە دەسەڵاتدارەکان، بووەتە هۆی بڕینی مامەڵەی بانکە جیهانییەکان لەگەڵیاندا، ئەمەش بازرگانیی نیشتمانیی خستووەتە ژێر گوشاری گەورە و ئابووریی لە دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان بێبەش کردووە.

نەخشەڕێگەی بنیادنانەوەی کەرتی بانکی

  1. سوودوەرگرتن لە سەرمایە و هاوبەشیی بیانی

بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە، هێنانەپێشەوەی خاوەندارێتیی هاوبەش لە نێوان بانکە ناوخۆییەکان و ناوەندە داراییە پێشکەوتووەکانی جیهاندا پێویستییەکی حەتمییە. ئەم هەنگاوە تەنها هێنانی پارەی زیاتر نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی گواستنەوەی زانستی هاوچەرخی بەڕێوەبردن، بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی ناوخۆ و رێگریکردن لە دەستتێوەردانی سیاسی لە بڕیارە داراییەکاندا. لە هەمان کاتدا ئەم هاوبەشییە متمانەی جیهانی دەگەڕێنێتەوە و پردێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان بازاڕی ناوخۆ و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات، بە جۆرێک کە بازرگانان ناچار نەبن بۆ ئاڵوگۆڕی پارە پەنا بۆ دەڵاڵ و ڕێگەی نایاسایی ببەن.

  •  شۆڕشی تەکنەلۆژی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان

پێویستە کارێکی خێرا بکرێت بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە سەرجەم بانکەکان پێکەوە ببەستێتەوە و کێشەی نێوان کارتە جیاوازەکان بنبڕ بکات. لە هەمان کاتدا دەبێت حکومەت تەواوی پێدانی مووچە، وەرگرتنی رسوومات و باج بکاتە شێوازی ئەلیکترۆنی، ئەمە وێرای ئاسانکردنی مامەڵە بانکییەکان لە رێگەی بەرنامەکانی ناو مۆبایلی زیرەک، بەتایبەت بۆ پێدانی قەرزی بچووک بۆ پڕۆژەی گەنجان و راپەڕاندنی خزمەتگوزارییەکان، باشترین رێگە دەبێت بۆ ئاشتکردنەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ سیستمە بانکییەکاندا.

  •  داڕشتنەوەی کاری بانکی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان

بانکە ناوخۆییەکان دەبێت ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنی ئەو رێسا جیهانییانەی کە پارێزگاری لە مانەوەی سەرمایە و پارەی نەختینە دەکەن تا لە کاتی تەنگژەکاندا توانای بەرگەگرتنیان هەبێت. دەبێت بەشی چاودێری و وردبینی لە ناو بانکەکاندا بە شێوەیەک بەهێز بکرێت کە رێگری لە هەر جۆرە پارەدارکردنێکی نایاسایی و سپیکردنەوەی سامان بکات، لەگەڵ پابەندکردنیان بە ناسینەوەی ناسنامەی دروستی مامەڵەکاران ، جیا لەوەش، پێویستە دەزگا وردبینە سەربەخۆ و بەناوبانگەکانی جیهان ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی دارایی بانکەکان بکەن تا شەفافیەتی تەواو بەدیبهێنرێت و متمانەی ئابووری لەسەر ئاستی دەرەوە بەدەستبهێنرێتەوە.

  • چاکسازی لە یاسای کاری بانکی و دڵنیادان بە هاووڵاتییان

بنەمای کۆتایی و بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی چاکسازی، هەموارکردنەوەی یاساکانی کاری بانکییە بە جۆرێک کە دەسەڵاتی تەواو و سەربەخۆ بدات بە بانکی ناوەندی بۆ لێپرسینەوە، بەڕێوەبردن، یان داخستنی ئەو بانکانەی یاساشکێنی دەکەن، هاوکات پێویستە سندوقێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی مافی پاشەکەوتکەران چالاک بکرێت کە بە یاسا گرەنتی بدات بەوەی ئەگەر هەر بانکێک تووشی زیان یان مایەپووچبوون هات، دەوڵەت گەرەنتیی پارەی خەڵک دەکات. تەنها کاتێک متمانەی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ ناو کەرتی بانکی کە یاسا ببێتە پارێزەری سەروەت و سامانی هاووڵاتی، نەک ئامرازێک بۆ دەستکەوتی بانکە تایبەتەکان و کەسانی دەستڕۆیشتوو.