
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، قۆناغی یەکەمی یەکخستنەوەی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال “یەبەشە” لە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق رابگەیەنرێت و ژمارەیەک لە خاڵە سەربازییەکانیان لە چیای شنگال رادەستی سوپای عێراق بکرێن.
سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە مەراسیمی پچڕاندنی پەیوەندیی سەربازیی یەبەشە و تێکەڵکردنی بە دەزگا فەرمییەکان، بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی سەرۆکوەزیران بەڕێوە دەچێت. بەپێی بەیاننامەکە، هاوکات بەرپرسیارێتیی ئەمنیی چیای شنگال بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەگوێزرێتەوە.
حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوە بە بەشێک لە بەرنامەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە شنگال دەزانێت. هەروەها بەڵێنی پاراستنی مافی ئەو ئێزدییانەی لە دژی داعش شەڕیان کردووە، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی داوە.
جاسم محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رایگەیاندووە شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە سەردانی شنگال دەکات و بڕیارە یەبەشە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چوونە ناو چوارچێوەی هێزە فەرمییەکان رابگەیەنێت.
بەپێی لێدوانی کاکەیی، بەشێک لە شەڕڤانەکان وەک حەشدی ئێزدی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا دەمێننەوە و ژن و کچانی هێزەکەش دەچنە بەشی پۆلیسی ژنانی نەینەوا.
لە قۆناغی یەکەمدا 2,000 شەڕڤان دەچنە ناو هێزە ئەمنییەکان و دواتر 3,000 تا 4,000 کەسی دیکەش تێکەڵ دەکرێن.
مەراسیمەکە لەسەر چیای شنگال و بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراق و هێزەکانی یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شنگال بەڕێوە دەچێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای مەراسیمەکە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وردەکاریی رێککەوتنەکە بخرێتەڕوو.
یەبەشە هێزێکی ئێزدییە کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و شەڕەکانی دوای پەلاماری ئابی 2014ی سەر شنگالدا رۆڵی هەبووە. بەشێک لە شەڕڤانەکانی پێشتر لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا تۆمار کرابوون، بۆیە هەنگاوە تازەکە تەنها وەرگرتنی تاکە شەڕڤانان نییە، بەڵکو رێکخستنەوەی پەیوەندیی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی پێگە سەربازییەکانیش دەگرێتەوە.