بانکی رافیدەین دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پێشینەی ئەلیکترۆنی کردەوە

ئەمڕۆ شەممە، بانکی رافیدەین رایگەیاند کە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی پێشینەی ئەلیکترۆنی (سلفە) لە کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانییەوە کارا دەکرێت.

بانکەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان کرد، ئەوانەی مووچەکانیان لە بانکی رافیدەین جێگیر کراوە (تەوتین) و هەڵگری کارتی بانکەکەن، دەتوانن لە کاتژمێر 10:00ی بەیانییەوە داواکاری پێشکەش بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پێشکەشکردنی داواکاری تەنها لە رێگەی ئۆنلاین و لە رێگەی ئایکۆنی تایبەت بە “بانکی ڕافیدەین” دەبێت لە ئەپڵیکەیشنی سوپەر کی (Super Qi)، بەپێی ئەو مەرج و رێنماییانەی پێشتر لەلایەن بانکەکەوە دیاری کراون.

رافیدەین هەروەها رایگەیاندووە، بڕی پێشینەکە بە تەواوی دەخرێتە ناو کارتی سوودمەند، بەبێ لێبڕینی پێشوەختە، بەڵام خەرجییەکان، کۆمسیۆن و سوود، لەگەڵ قیستەکاندا بە درێژایی ماوەی گەڕاندنەوە وەردەگیرێن.

بانکەکە داوای لە داواکاران کردووە تەنها کەناڵە فەرمییەکان بەکاربهێنن و پارە نەدەن بەو کەسانەی بەڵێنی مسۆگەرکردنی پێشینە یان خێراکردنی مامەڵەکە دەدەن.