
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڕیاری بەرزکردنەوەی کەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت بۆ 500 هەزار دینار چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بۆ کرێکارانی خانەنشینکراو.
لەم بارەیەوە، مەریوان باکۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی “سەباح” رایگەیاند بڕیاری زیادکردنی کەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە،
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەوەشی روونکردەوە ئەو خانەنشینانەی کە پێشتر مووچەکانیان لە نێوان 150 بۆ 400 هەزار دیناردا بووە، لەمەودوا و لە مانگی ئەیلوولەوە کەمترین مووچەیان دەبێتە 500 هەزار دینار و ئەم بڕیارەش لە ئێستاوە جێگیر کراوە و کاری پێدەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەتیش بەپێی ساڵانی خزمەت، پسپۆڕی و دوایین مووچەی وەریانگرتووە هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە مەرجەکانی خانەنشینبوون، بەڕێوەبەری گشتیی کار هێمای بۆ ئەوە کرد کە بەپێی یاسای کارپێکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێم، تەمەنی خانەنشینبوون بۆ پیاوان 60 ساڵ بە مەرجی تەواوکردنی 20 ساڵ خزمەت، و بۆ ژنانیش لە تەمەنی 55 ساڵیدایە بە هەمان مەرجی 20 ساڵ خزمەت.