بۆچى منداڵان لە سەرەتاى ساڵدا دۆخی دەروونییان تێکدەچێت؟

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، رەنگە دایک و باوک هەست بە گۆڕانکارییەکی روون لە میزاجی منداڵەکەیاندا بکەن؛ بە جۆرێک دەمارگیرتر، زوو تووڕەتر، یان رەتکەرەوەی رێنماییەکان دەبێت. ئەم گۆڕانکارییە مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە منداڵەکە کەلەڕەقتر بووە، چونکە گواستنەوە لە کەشوهەوای ئازاد و نەرمی پشوو بۆ بەرنامەیەکی رێکخراوی قوتابخانە، ئاستەنگی نوێ بەسەر جەستە و هەستەکانیدا دەسەپێنێت.

وەک توێژینەوەکان دەریانخستووە منداڵ پێویستی بە کات هەیە تا خۆی لەگەڵ زوو لەخەو هەستان، پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکان، دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژتر و سەرنجدان لە وانەکاندا بگونجێنێت. لەبەر ئەوە، رەنگە نیشانەکانی ماندووبوون و دڵەڕاوکێ بە دیاریکراوی لە ماڵەوە دەربکەون، چونکە منداڵ لەوێدا هەست بە ئارامی و دڵنیایی پێویست دەکات بۆ ئەوەی راستەوخۆ هەستەکانی خۆی بە بێ ترس دەرببڕێت.

گۆڕینی رۆتین منداڵ سەرلێشێواو دەکات

لە کاتی پشوودا، زۆرجار منداڵ رادێت لە کاتی جیاوازدا بخەوێت و خەبەری ببێتەوە، هەروەها کاتێکی زیاتر لە یاری و پشووداندا بەسەردەبات. لەگەڵ دەستپێکردنی قوتابخانەدا، ئەم ریتمە بە خێرایی دەگۆڕێت و منداڵ ناچار دەبێت زوو لەخەو هەستێت و پابەندی کاتی خوێندن، ئەرکەکانی ماڵەوە و خەوتن بێت. لەبەر ئەوە، لەوانەیە سەختیی خۆگونجاندنەکەی لە رێگەی دەمارگیری یان زۆربەڵەکی و دەمەقاڵێوە دەرببڕێت.

کەمخەوی هەڵچوونی خێرا زیاد دەکات

خەو رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رێکخستنی هەستەکانی منداڵ و توانای سەرنجدانیدا. کاتێک منداڵ کەمتر لە پێداویستی خۆی دەخەوێت، رەنگە هەستیارتر بێت و کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی بۆی سەختتر بێت. لەبەر ئەم هۆکارە، جێگیرکردنی کاتی خەوتن بە شێوەیەکی پلەبەپلە پێش دەستپێکردنی قوتابخانە، یارمەتیدەر دەبێت تا گواستنەوە بۆ رۆتینە نوێیەکە ئاسانتر بێت.

پەستانەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە دەردەکەون

رەنگە منداڵ دڵەخورپەی هەبێت لە مامۆستاکەی، تاقیکردنەوەکان، دروستکردنی هاوڕێیەتیی نوێ، یان رووبەڕووبوونەوەی داواکارییە جیاوازەکانی خوێندن. لە زۆر حاڵەتدا، منداڵ نازانێت چۆن بە وشە ئەم هەستانە روون بکاتەوە، بۆیە رەنگە لە شێوەی هەڵچوونی تووڕەیی، گریان، یان رەتکردنەوەی ئەرکی ماڵەوە دەربکەوێت. لێرەدا، گفتوگۆی ئارام یارمەتی دایک و باوک دەدات لەبری تیشکخستنە تەنها سەر رەفتارەکە، هۆکارەکەی بدۆزێتەوە.

منداڵ پێویستی بە ماوەیەکە بۆ خۆگونجاندن

هەموو منداڵان بە هەمان خێرایی لەگەڵ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە خۆیان ناگونجێنن. لەوانەیە هەندێکیان پێویستیان بە چەندین هەفتە بێت تا شێوازی خەو، سەرنجدان و رۆتینی ئاسایی خۆیان بەدەست بهێننەوە. لەبەر ئەوە، خێزان دەتوانێت لە رێگەی رێکخستنی پێشوەختەی بەیانیان، ئامادەکردنی جانتا لە شەودا، و تەرخانکردنی کاتێک بۆ پشوو و یاری دوای تەواوبوونی رۆژی خوێندن، ئەم پەستانە کەم بکاتەوە.

 دایک چۆن یارمەتیی منداڵەکەی بدات؟

دایک دەتوانێت دەرفەت بە منداڵەکەی بدات بۆ دەربڕینی هەستەکانی، و لەبری ئەوەی تەنها پرسیاری نمرە و وانەکانی لێ بکات، لێی بپرسێت چی لە رۆژەکەیدا بێزاری کردووە. هەروەها دانانی رۆتینێکی روون و جێگیر، پێشکەشکردنی ژەمی رێکخراو و هاندانی بۆ چالاکیی جەستەیی یارمەتیدەرن لەوەی رۆژەکانی قوتابخانە هاوسەنگتر بن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، منداڵ هەستی سەقامگیری بۆ دەگەڕێتەوە و بە متمانەیەکی زیاترەوە دەست دەکات بە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی قوتابخانەدا.

تووڕەیی و دەمارگیریی منداڵ لە هەفتەکانی یەکەمی قوتابخانەدا بابەتێکە پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە گەورەیەوە هەیە کە دوای ماوەیەکی درێژ لە پشوو تێیدا دەژی. لەبەر ئەوە، منداڵ لەم قۆناغەدا پێویستی بە ئارامگری، رۆتینی روون و پاڵپشتیی سۆزداری هەیە، هاوکات چاودێریی بەردەوامی دایک یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەستپێکردنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی یان بەردەوام کە پێویستی بە وەرگرتنی راوێژی پسپۆڕ هەبێت.