
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناساند.
ئەم یاسایەی هەرێم پێشتر بۆ راگرتنی کارکردن بەو ماددانەی یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) دەرکرابوو کە پەیوەندیداربوون بە تاوانەکانی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەت.
یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003 یاسایەکە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە و ئامانجی راگرتنی یاساکانی پێشووی حکومەتی عێراق بووە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هەندێک لە ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو.
ناوەڕۆک و ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایە بریتیە بوو لە
یەکەم : راگرتنی ماددە ئەمنییەکان: یاساکە بڕیاریدابوو کارکردن بەو ماددانەی یاسای سزادانی عێراقی رابگیرێت کە پەیوەندیداربوون بە (تاوانەکانی دەسدرێژی کردنە سەر ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەت)، بەو پێیەی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ئەم ماددانە زۆر جار بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان و چەوساندنەوەی سیاسی بەکاردەهێنران.
دوەم : تایبەتمەندی هەرێم: ئەمە هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە جۆرێک لە سەربەخۆیی یان تایبەتمەندی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسە ئەمنی و سیاسییەکاندا هەبێت دوای ساڵی 2003.
بۆچی دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە؟
بەپێی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەم یاسایەی هەرێم بە نادەستووری ناسێنرا، چونکە دادگای فیدراڵی پێیوایە: پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتی عێراق بەپێی ماددەی (110)ی دەستور، لە دەسەڵاتە دەستوری و تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵییە. دەسەڵاتی هەرێمەکان سنووردارە و نابێت یاسایەک دەرکەن کە پێچەوانەی ماددە دەستورییە سەربازی و ئەمنییە فیدراڵییەکان بێت (ماددەی 121/دووەم).