شەڕی یەمەن فراوانتر دەبێت و حوسییەکان سعودیە دەکەنە ئامانج

تەنها یەک رۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی فراوانی “فەجری یەمەن” دژی حوسییەکان، شەڕ لە چەند بەرەی یەمەن توندتر بووەتەوە و هێزەکانی حکومەت دەڵێن لە تەعز و کەناری دەریای سوور پێشڕەویی نوێیان تۆمار کردووە.

ناوەندی راگەیاندنی تەوەری تەعز رایگەیاندووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نزیکەی ١٠٠ چەکداری حوسی کوژراون و ١٥٠ کەسی دیکە بریندار بوون. بەپێی ئەو راگەیێندراوەیە، هێزە حکومییەکان لە پێنج بەرەی جیاوازی پارێزگای تەعز هێرشیان کردووە، پێنج درۆنی حوسییەکانیان خستووەتە خوارەوە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و تانکیان لەکارخستووە.

گرنگترین پێشڕەویی هێزە حکومییەکان لە کەناری رۆژئاوای یەمەنە. حکومەت دەڵێت دووبارە کۆنترۆڵی گەرووی بابلمەندەبی گرتووەتەوە؛ گەروویەکی ستراتیژی کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و دواتر دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی کەشتیوانی و بازرگانیی جیهان.

هێزە حکومییەکان هەروەها دەڵێن شاری بەندەری “موخا”یان گرتووەتەوە. بەڵام لەسەر ئەم خاڵە هێشتا زانیارییەکان یەکدەنگ نین؛ سەرچاوە حکومی و سەربازییەکان بە رۆیتەرز و فرانس پرێسیان وتووە هێزەکان گەیشتوونەتە دەوروبەری موخا، بەڵام گرتنی تەواوی شارەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. موخا لە کەناری دەریای سوور و لە پارێزگای تەعزە و بەهۆی نزیکییەوە لە بابلمەندەب، کۆنترۆڵکردنی گرنگیی سەربازی و دەریایی هەیە.

ئەم شەڕەی ئێستا لە رراستیدا هێرشی پێچەوانەی حکومەتی یەمەنە. حوسییەکان لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا بە هێرشێکی خێرا موخا زو باب و دوورگەی “میون/پەریم”یان لە ناو بابلمەندەب گرت و کۆنترۆڵیان بەسەر بەشێکی گرنگی کەناری دەریای سووردا فراوان کرد. ئێستا هێزەکانی حکومەت هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانەیان لێ وەربگرنەوە و بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان پێشڕەویی بکەن.

لە بەرەی حکومەتدا چەند هێزی جیاواز بەشداری دەکەن، لەوانە «سپر الوطن»، «ئەلوێی العمالقە» و «مقاومەتی تەهامە»؛ هێزگەلێک کە لە دژی حوسییەکان دەجەنگن و لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە پاڵپشتی ئاسمانیی سعودیە پێشڕەویی دەکەن. لە بەرامبەردا، حوسییەکان کە پشتگیریی ئێرانیان هەیە، سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری باکوور و رۆژئاوای یەمەنیان لەژێر دەسەڵاتدایە.

ریشەی ئەم ململا‌نێیە بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، کاتێک حوسییەکان سەنعایان گرت و حکومەتی یەمەنیان لە پایتەخت دەرکرد. سعودیە لە ٢٠١٥ەوە بە پشتگیریی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی چووە ناو شەڕەکە. دوای چەند ساڵ ئارامیی رێژەیی، پێشڕەوییەکانی حوسییەکان لە کەناری دەریای سوور لە مانگی رابردوودا شەڕەکەی دووبارە بە شێوەیەکی فراوان گەڕاندەوە.

لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی حکومەت و هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە، حوسییەکانیش رایانگەیاندووە بە مووشەکی بالیستیکی و کروز و درۆن، فڕۆکەخانەی ریاز، پاڵاوگەی ئارامکۆ لە رابغ، فڕۆکەخانەی ئەبها و چەند شوێنێکی دیکەیان لە سعودیە کردووەتە ئامانج. سعودیە هێرشەکانی مەحکووم کردووە.

ئامانجی راگەیەندراوی ئۆپەراسیۆنی فەجری یەمەن تەنها بابلمەندەب نییە، رەشاد ئەلعەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن، دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکە بۆ گرتنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە کۆتاییدا سەنعای پایتەخت و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکانە. ئەمە واتە ئەگەر پێشڕەوییەکان بەردەوام بن، شەڕەکە دەتوانێت لە بابلمەندەب و تەعزەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری یەمەن فراوانتر بێت.