پەرلەمانی عێراق دەربارەی رەشنووسی بودجەی 2027 میوانداریی وەزیری دارایی دەکات

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممە میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ و تیمی باڵای وەزارەتەکە دەکات. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراقە بۆ ساڵی 2027، پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردن.

ریاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 61ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، مافی دەستووریی لیژنەکەیانە لە هەموو قۆناغ و وردەکارییەکانی ئامادەکردنی بودجە ئاگادار بێت،  هەربۆیە لە میواندارییەکەدا لە وەزیر دەپرسنەوە دەربارەی ئەو بنەما و میکانیزمانەی لە خەمڵاندنی قەبارەی داهات، خەرجییە گشتییەکان و دیاریکردنی کورتهێنانی دارایی ساڵی نوێدا پەیڕەو کراون.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە دۆسیەی مووچەخۆرانەوە، بەتایبەت تا چەند لە بودجەی 2027  بڕی دارایی پێویست تەرخانکراوە  بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، شایستەی کرێکارانی رۆژانە و کردنەوەی دەرگای دامەزراندن و پلەی وەزیفیی نوێ،  تاوەکو بەرچاوڕوونیی تەواو لەسەر شایستە داراییەکان دروست ببێت، ئەمە وێرای گفتوگۆ دەربارەی  گۆڕانکاریکردن لە نرخی فەرمی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە بودجەی گشتی وڵاتدا.