بۆچی لە تورکیا جانتای دژەگولـلە بۆ خوێندکاران دروست دەکرێت؟

دوای زیادبوونی رووداوەکانی تەقەکردن و هێرش لە نزیک و ناو قوتابخانەکان، کۆمپانیایەکی تورکی دەستی بە فرۆشتنی جانتایەکی تایبەت بۆ قوتابییان کردووە کە بۆ پاراستنیان لە کاتی مەترسیدا دروست کراوە.

جانتاکە لە رووکەشدا هاوشێوەی جانتای ئاسایی قوتابخانەیە، بەڵام لە ناوەوە ماددەی پاراستنی دژەگولـلەی تێدایە. کۆمپانیاکە دەڵێت دەتوانرێت لە کاتی هێرشدا وەک قەڵغانێک لەبەردەم قوتابی بەکاربهێنرێت.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کێشی جانتاکە نزیکەی ٣٠٠ تا ٤٠٠ گرامە و بە نرخی ٧,٥٠٠ لیرەی تورکی بۆ فرۆشتن دانراوە.

ئەم بەرهەمە دوای چەند رووداوی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی تورکیا سەرنجی زۆری راکێشاوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی نیگەرانی لەسەر ئاسایشی قوتابییان زیاد بووە.

لە ساڵی ٢٠٢٦دا دوو رووداوی گەورەی تەقەکردن لە قوتابخانەکان رووی دا؛ تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا، لە ‌ئورفا و کەهرەمانماراش، کۆی گشتی ٩ کەس کوژران و ٢٩ کەسیش بریندار بوون. دوای ئەم رووداوانە، حکومەتی تورکیا هێزی پۆلیسی لە بەردەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەموو ٨١ پارێزگاکەدا زیاد کرد.