
حکومەتی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بە ناوی “بەرەبەیانی یەمەن” دەست پێکردووە، بە ئامانجی گرتنەوەی سەنعاء و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان.
حوسییەکان، کە بە “ئەنسارالله”یش ناسراون، گرووپێکی چەکداری یەمەنیین و سەنعا و بەشێکی فراوان لە باکووری یەمەن لە ژێر دەسەڵاتیاندایە. ئێران پشتگیرییان دەکات.
لە بەرامبەردا، هێزەکانی حکومەتی یەمەن پشتگیری سەربازیی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی سعودییە وەردەگرن.
تورکی مالکی، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمان، رایگەیاند لە بەرەبەیانی دووشەممەدا ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە ٣٢٤ ئامانجی “بایەخدار” لەناوبراون.
هاوپەیمانەکە دەڵێت بە شەو و رۆژ پشتگیری ئاسمانی هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەکات و هەروەها پاراستنی گەرووی بابول مەندەب دابین دەکات؛ ناوچەیەکی ستراتیژی کە یەکێکە لە رێڕەوە گرنگەکانی کەشتیوانی و بازرگانی نێودەوڵەتی.
رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن، دەڵێت ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، گرتنەوەی پایتەخت و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکانە.