دژەتیرۆر تیرۆریستێکی داواکراوی داعش لە سنووری شاری سلێمانی دەستگیر دەکات

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر رایگەیاند کە هێزەکانیان  دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، تیرۆریستێکی داواکراوی داعشیان لە سنووری شاری سلێمانی دەستگیر کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان توانییان تیرۆریستێکی داواکراوی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بکەن.

تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە ئەندامی چالاکی رێکخراوەکە بووە لە چوارچێوەی ئەوەی بە (فرقة 210) ناسرابوو. هەروەها ناوبراو لە خێزانێکی دیاری ناو رێکخراوەکەیە، بەجۆرێک باوکی فەرماندەی مەفرەزەی سەربازی بووە لە (ویلایەتی باکووری بەغدا) و دواتر کراوەتە (والی فەلوجە)، تاوەکو لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە شارۆچکەی ئەبو غرێب کوژراوە. هەروەها برایەکی تری دەستگیرکراوەکەش لە ناوچەی نباعی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.

تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە پاش رووخانی داعش رووی لە شاری سلێمانی کردووە و خۆی حەشارداوە، لە هەمان کاتدا وەک ئەندامێکی چالاکی رێکخراوەکە لە سنووری سلێمانی بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی، تا ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە شوێنپێی هەڵگیرا و دەستگیرکرا.