
رۆژنامەی سەباحی عێراق بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧دا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە کارمەندانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە بۆ سەر ملاکی هەمیشەیی دەگوازرێنەوە.
عەلی موسەوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەباحی راگەیاندووە کە بڕیاری هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان زیاتر لە دوو مانگە لە وەزارەتی دارایی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە کۆتاییدا رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە کراوە.
موسەوی وتوویەتی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە نێوان کارمەندانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانەدا دەکرێنە سەر ملاکی هەمیشەیی و مەرجی ماوەی خزمەت بۆ هەمیشەییکردنیان دانانرێت.
وەزارەتی دارایی عێراقیش پێشتر لە ٢٠ی ئەیلوول رایگەیاندبوو، دەقێکی تایبەت بە هەمیشەییکردنی کارمەندانی گرێبەست لە پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٧دا جێگیر کراوە و ژمارەی کارمەندان و تێچووی دارایی ئەم هەنگاوە هەژمار کراوە و پشکی دارایی پێویستی بۆ دابین کراوە.
سەبارەت بە قەبارەی بودجەی ٢٠٢٧، بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، وەزیری دارایی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی راگەیاندووە کە قەبارەی بودجە نزیکەی ٢٠٠ تریلیۆن دینار دەبێت؛ ١٥٠ تریلیۆن دیناری بۆ بودجەی بڕگەکان و ٥٠ تریلیۆن دیناریش بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام تەرخان دەکرێت.
پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٧ هێشتا یاسای کۆتایی نییە و پێویستی بە ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری هەیە.