
پنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا 12 فڕۆکەی بۆردومانکەری B-1ی کە لە بنکەی ئاسمانی RAF Fairford لە بەریتانیا جێگیر کرابوون، لە کۆتایی هەفتەدا گەڕاندووەتەوە بۆ بنکەکانیان لە ئەمریکا.
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هاتووە کە زانیاری لەسەر هەڕەشەی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکە هەبووە.
هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا ژمارەیەک هاووڵاتی دوو رەگەزنامەیی بەریتانی–ئێرانییان دەستگیر کرد کە گومان لەوە دەکرێت پلانی هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکەیان هەبووبێت.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتوویەتی ئیسرائیل زانیاری هەواڵگریی بە بەریتانیا داوە کە ئاماژەی بە هەڕەشەی هێرشێکی ئێران کردووە.
پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا وتی، لەبەر پاراستنی نهێنیی ئۆپەراسیۆنی نەتوانراوە لە کاتی گواستنەوەکەدا زانیاری بڵاو بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پشتڕاست دەکرێتەوە کە هەموو بۆردومانکەرە ئەمریکییەکانی جێگیرکراو لە RAF Fairford گەڕێنراونەتەوە بۆ بنکەکانیان لە ئەمریکا.
پنتاگۆن جەختیشی کردووەتەوە کە فڕۆکە بۆردومانکەرەکانی B-1 و B-2 و B-52 هێشتا ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ورد لە هەر شوێنێکی جیهان، تەنانەت بە دەستپێکردن و گەڕانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە خاکی ئەمریکاوە.