
ئاژانسی هەواڵیی ئانها بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئامارێکی سەرەتایی، 185 هەزار و 213 خوێندکاری نێر و مێ لە چەند ناوچەی سوریا بۆ فێربوون و خوێندن بە زمانی کوردی ناویان تۆمار کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئانها، 81 هەزار و 333 خوێندکار لە پارێزگای حەسەکە، 53 هەزار و 108 خوێندکار لە کۆبانی، 47 هەزار و 44 خوێندکار لە عەفرین و سێ هەزار و 728 خوێندکاریش لە دیمەشق و حەما ناویان تۆمار کردووە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی سوریا سەبارەت بە سنووردارکردنی وانەکانی زمانی کوردی لە قوتابخانە فەرمییەکان، ناڕەزایەتیی لە رۆژئاوای کوردستان دروست کردووە. بەپێی “ئانها”، بڕیارەکە خوێندنی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا لە ناوچە کوردنشینەکان سنووردار دەکات.
ئاژانسی ئانها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ژمارانە کۆتایی نین و پێشبینی دەکرێت زیاد ببن، چونکە پرۆسەی ناونووسین لە ژمارەیەک قوتابخانە هێشتا تەواو نەبووە.
لە هەمان کاتدا، بەشێک لە خوێندکاران و خێزانە کوردەکان بە ناڕەزایەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بڕیارەکە کردووە و داوای فراوانترکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و ناساندنی فەرمیی زمانەکە دەکەن.