ترەمپ: لەوانەیە دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاست هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران توندتر بکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری تایم رایگەیاند لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران توندتر بکرێنەوە.

کاتێک تایم لە ترەمپی پرسی ئایا دوای هەڵبژاردنەکان بۆ توندکردنەوەی بۆردومانەکان ئامادەیە، وەڵامی دایەوە: “لەوانەیە”. لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەش سەبارەت بەوەی ئایا ئەو هەڵبژاردەیە لەبەرچاو دەگرێت، وتی ناتوانێت وردەکاری بدات، چونکە ئەوە دەبێتە ئاشکراکردنی شوێنی هێرشە داهاتووەکان.

ترەمپ هەروەها وتی، بە بۆچوونی ئەو، ئێران خوازیاری رێککەوتنە، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتن دەیەوێت بگەیەنێتە رێککەوتنێکی راستەقینە.

سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشی کرد و وتی دوای بۆردومانکردنی ئەو دامەزراوانە دەتوانرا پرۆسەکە رابگیرێت، بەڵام ئەو هەستی کردووە ئێران هێشتا هەوڵی بەردەوامکردنی بەرنامەکەی دەدات و بۆیە بڕیاری دا فشارەکان زیاتر بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکیش سەبارەت بە هەڕەشە پێشووەکەی بۆ “لەناوبردنی ئێران”، ترەمپ وتی: “بەڵێ، ئەو کارە دەکەم. لەوانەیە”.