
لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، واشنگتن بە تەواوی ئامادەبوونی ئەمنیی خۆی لە وڵاتەکە کۆتایی پێناهێنێت و ژمارەیەک لە هێزەکانی مارینز و توانای بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی لە بەغدا و هەولێر دەمێننەوە.
رۆژنامەی Wall Street Journal، رۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە راپۆرتێکدا لەسەر کۆتایی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، وردەکاریی نوێی لەبارەی شێوازی کشانەوەکە و ئەو توانایانە بڵاوکردووەتەوە کە واشنگتن دوای کشانەوەکە لە عێراق دەیانهێڵێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا دەڵێن، هەرچەند هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە، بەڵام بەشێک لە هێزەکانی مارینز لە عێراق دەمێننەوە و ئەرکیان پاراستنی نێردە دیپلۆماسییە ئەمریکییەکان دەبێت.
لەگەڵ ئەواندا، بەڵێندەرانی ئەمریکی کە پەیوەندییان بە پاراستن و پشتگیریی تەکنیکیی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 و تانکە ئەمریکییەکانی عێراقەوە هەیە، بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی کشانەوەکە پەیوەندی بە بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. بەرپرسە ئەمریکییەکان بە Wall Street Journal ـیان وتووە، سوپای ئەمریکا پێشتر سیستمی بەرگریی ئاسمانی Patriot ـی لە پارێزگای هەولێر کشاندووەتەوە.
بەڵام کشانەوەی Patriot بە مانای کۆتاییهاتنی هەموو توانای بەرگریی ئەمریکا لە هەولێر نییە. بەپێی بەرپرسەکانی ئەمریکا، لەبەر بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکان، ئەگەری زۆرە واشنگتن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دیکە لە دەوری دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی خۆی چڕ بکاتەوە.
مەبەست لەو پاراستنە بە تایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێرە؛ دوو دامەزراوەی دیپلۆماسیی گرنگی واشنگتن لە عێراق کە دوای کۆتایی ئەرکی سەربازییش بەردەوام دەبن لە کارکردن.
کشانەوەی ئێستای هێزەکانی ئەمریکا بەشێکە لە رێککەوتنێک کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن لەگەڵ حکومەتی پێشووی عێراق کرا، بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٢٦.
هەرچەند ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فەرمییەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتاییان پێدێت، بەڵام توانای سەربازیی واشنتن لە ناوچەکە بە تەواوی لەناو ناچێت. بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە Wall Street Journal ـی وتووە، ئەمریکا تواناکانی هەواڵگری و چاودێری و توانای دیکەی لە ناوچەکە پاراستووە و ئەو توانایانە دەتوانرێت کاتێک پێویست بێت لە عێراق بەکاربهێنرێن.
بەپێی هەمان بەرپرس، هێرشەکانی ئەم دواییەش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و مووشەکی مەودادرێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێدا بەکارهاتووە؛ ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە نیشانەی پێشکەوتنی توانای چەکی گرووپە چەکدارەکانە.
کۆتایی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەغدا هەوڵدەدات چارەنووسی چەکی گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران یەکلایی بکاتەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشتر ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ی وەک وادەیەک بۆ ڕادەستکردنی چەکی ئەو گرووپانە دیاریکردبوو و رایگەیاندبوو دوای ئەو بەروارە پاساوێک بۆ مانەوەی چەکیان نامێنێت. بەڵام دواتر وادەکە تا حوزەیرانی ٢٠٢٧ درێژکرایەوە.
لە بەرامبەردا، گرووپە چەکدارەکان نیشانیان داوە بە ئاسانی ئامادەی رادەستکردنی چەکەکانیان نین. کازم فەرتووسی، وتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا، کە ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە، بە Wall Street Journal ـی وتووە چەکەکانیان بە بەشێک لە سەروەری و ئازادی خۆیان دەزانن و پێشبینی ناکات حکومەت بە زۆر هەوڵی چەککردنیان بدات.
بەمەش، ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی قۆناغێک لە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق دیاری دەکات، بەڵام Wall Street Journal وێنەیەکی ئاڵۆزتر لە دۆخی دوای کشانەوەکە دەخاتەڕوو: هێزە سەربازییە فەرمییەکان دەڕۆن، بەڵام مارێنز بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان دەمێننەوە، بەڵێندەرانی پەیوەست بە چەک و فڕۆکە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبن، و واشنتنیش توانای بەرگری، هەواڵگری و چاودێریی خۆی لە ناوچەکە بە تەواوی لەدەست نادات.