ئەمریکا عێراقی ئاگادارکردەوە؛ هەر فڕۆکەخانەیەک خزمەت بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە

میدیای عێراقی رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئاگادارکردنەوەیەکی جددی و راستەوخۆی لە ئەمریکاوە وەرگرتووە، کە بەردەوامبوونی پێشوازی و خزمەتکردنی فڕۆکەکانی کۆمپانیا ئێرانییە سزادراوەکان، دەکرێت فڕۆکەخانە و لایەنە خزمەتگوزارییە عێراقییەکانیش رووبەڕووی سزای ئەمریکا بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی شەفەق نیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکومی بڵاویکردەوە، لایەنی ئەمریکی بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە کە رێکارە سزاییەکان تەنیا کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئێرانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو دەکرێت هەر فڕۆکەخانە یان لایەنێکیش بگرێتەوە کە خزمەتگوزاری یان ئاسانکاری بۆ گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایانە دابین بکات.

بەوتەی سەرچاوەکە، ئەو خزمەتگوزارییانە مۆڵەتی نیشتنەوە، خزمەتگوزارییە زەمینییەکان، دابینکردنی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی پەیوەست بە گەشتە ئاسمانییەکان دەگرێتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئاگادارکردنەوەیە حکومەتی عێراقی خستووەتە بەردەم هەڵبژاردەی پاراستنی فڕۆکەخانەکان و کەرتی فڕۆکەوانی لە سزاکانی ئەمریکا، ئەمەش بەغدای ناچار کردووە هەنگاو بۆ وەستاندنی پێشوازی لە گەشتەکانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئێرانییە سزا لەسەرکراوەکان بنێت.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی عێراق لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەوڵ دەدات هەندێک بەدەرکردن بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی هەندێک گەشتی مرۆیی و مەدەنی، لەوانە گەشتەکانی پەیوەست بە چارەسەری نەخۆشی، خوێندن و سەردانی ئایینی بەردەوام بن، بەبێ ئەوەی فڕۆکەخانە و کۆمپانیا عێراقییەکان بخەنە ژێر مەترسیی سزا.

حکومەتی عێراقیش رۆژی شەممە رایگەیاندبوو، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەدەرکردنی هەندێک فڕۆکەخانەی عێراقی لە رێکارەکانی پەیوەست بە گەشتەکانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئێرانییەکان.

ئەمریکا دەڵێت هۆکاری سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا ئەوەیە کە حکومەتی ئێران لە کۆمپانیا و تۆڕی فڕۆکەوانی بۆ گواستنەوەی چەک، کەلوپەلی سەربازی و پشتگیریکردن لە هێز و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کەڵک وەردەگرێت. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە 8ـی ئەیلوولی 2026، 36 کەس و دامەزراوەی پەیوەست بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی خستە ژێر سزا و رایگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوە سنووردارکردنی توانای تاران بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەوانی مەدەنی لە خزمەتی چالاکییە سەربازییەکانیدایە.