
لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر دامەزراندنی زانکۆیەکی نوێ لە خانەقین بە ناوی «زانکۆی خانەقین» رێککەوتن؛ بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەستراوەتەوە.
بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەیەک کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، لە بارەگای لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێککەوتوون زانکۆی خانەقین سەر بە حکومەتی فیدراڵ بێت و بەپێی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارە 40ی ساڵی 1988 و هەموارکراوەکانی کار بکات.
بەپێی ڕرێککەوتنەکە، سەرۆکی زانکۆکە کە دواتر دادەمەزرێت دەبێت خەڵکی خانەقین بێت، هەروەها کادری ئێستای بەڕێوەبردنی زانکۆ و میکانیزمی پەسەندکراوی وەرگرتنی خوێندکار بەردەوام دەبن، تا ڕێکارەکانی دامەزراندنی زانکۆی نوێ تەواو دەکرێن.
لە کۆنووسەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێکارەکانی دامەزراندن بە خێرایی تەواو بکرێن و وەرگرتنی خوێندکار بۆ ئەم ساڵی خوێندنە بەردەوام بێت؛ بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی پارێزگا فیدراڵییەکانی دیکە.
هەروەها رێککەوتن کراوە دوای دامەزراندنی زانکۆی خانەقین، وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ بە فەرمی دان بە زانکۆی گەرمیان و خولەکانی پێشووی دەرچوواندنی خوێندکار لەو زانکۆیەدا بنێت، بە مەبەستی پاراستنی ماف و داهاتووی خوێندکاران.
بەپێی تێبینییەکی ناو کۆنووسەکە، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم داوای کردووە ڕێککەوتنەکە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی رەزامەندی؛ بۆیە تا پەسەندکردنی فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە، ڕێککەوتنەکە نەچووەتە قۆناغی جێبەجێکردن.