
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی نوێی دیجیتاڵکردنی ساڵانە و مامەڵەکانی ئۆتۆمبێلی لە هەولێر دەستپێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا لە بەشی بارهەڵگر جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە دواتر بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش فراوان بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە هەنگاوەکانی بەستانداردکردن و ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.
میرانی روونیکردەوە، پێشتر پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دواتر سیستەمی نوێی ساڵانە لە پارێزگای دهۆک خراوەتە کار، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی و ژمارەی مامەڵەکان لە هەولێر، جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر هەبووە.
بەپێی وتەکانی، ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی هەمان سیستەم لە سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین بەردەوامن. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی گونجاو، باڵەخانە، کەلوپەلی تایبەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی هەیە.
لە چوارچێوەی سیستەمە نوێیەکەدا، ساڵانەی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەگۆڕدرێت بۆ کارتێکی بچووکی زیرەک، کە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان لە رووی ئەمنی و کوالێتییەوە دروست کراوە.
هێمن میرانی هەروەها رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکە کاراکردنی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە بەشێک لە مامەڵەکانی دەرهێنان، تۆمارکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل ئەنجام بدەن.
بەوتەی هێمن میرانی، سیستەمە نوێیەکە مافی خاوەندارێتی پتەوتر دەکات و رێگری لە ساختەکاری و گواستنەوەی نایاسایی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل دەکات.
سەبارەت بە ماوەی گواستنەوەی خاوەندارێتی، میرانی روونیکردەوە بەپێی رێنمایی ساڵی رابردوو، ئەو ماوەیە لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژکراوەتەوە. ئەو داوای لە هاووڵاتییان کرد، کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەکڕن، لە ماوەی دیاریکراوی 90 رۆژدا خاوەندارێتییەکە بگوازنەوە بۆ ناوی خۆیان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی کێشەی یاسایی نەبن. هێمن میرانی بۆ نموونە ئاماژەی بە حاڵەتێک کرد کە پێشتر 1280 ئۆتۆمبێل بە ناوی یەک هاووڵاتییەوە تۆمار کرابوون. دوای کۆچی دوایی ئەو کەسە، نزیکەی 80 ئۆتۆمبێل بوونە بەشێک لە میراتەکەی و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی بۆ مامەڵەی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکان.