
بەپێی نوێترین داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا فرۆشی دراوی بیانی (دۆلار) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٪٣٤.٥ پاشەکشەی کردووە.
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، کۆی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە گەیشتووەتە ٣٥ ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلار؛ لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٥٣ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دۆلار بووە. بەمەش جیاوازییەکە گەیشتووەتە ١٨ ملیار و ٥٦٠ ملیۆن دۆلار.
سەرچاوەی زۆربەی فرۆشەکان حەواڵەی دەرەکی بووە
تەنیا لە مانگی ئابی ڕابردوودا، کۆی فرۆشی بانکی ناوەندی ٣ ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار بووە؛ لەو بڕەش ٪٩٢.٦ی (کە دەکاتە ٣ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دۆلار) بە شێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە بۆ بەهێزکردنی باڵانسی بانکەکان لە دەرەوە، و تەنیا ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری بە شێوەی نەختینە (کاش) ڕەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆ کراوە.
بەرزترین و نزمترین ئاستی فرۆش لەمساڵدا
ڕەوتی فرۆشی مانگانەی دۆلار لەمساڵدا بەم شێوەیە بووە:
کەمترین ئاست: لە مانگی کانوونی دووەمدا تۆمار کراوە، کە ٢ ملیار و ٨٨٠ ملیۆن دۆلار بووە.
بەرزترین ئاست: لە مانگەکانی حوزەیران (٥ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن دۆلار) و تەممووز (٥ ملیار و ٦٦٠ ملیۆن دۆلار) تۆمار کراوە.
بەراوردی ساڵانی ڕابردوو
کەمبوونەوەی فرۆشی دۆلار لە کاتێکداپێشتر ڕەوتەکە بەرەو هەڵکشان بوو؛ بەپێی ئامارەکان:
ساڵی ٢٠٢٣: کۆی فرۆشی ساڵانە ٥٦ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.
ساڵی ٢٠٢٤: بەرزبووەوە بۆ ٧٧ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار.
ساڵی ٢٠٢٥: گەیشتە بەرزترین ئاست و ٨٠ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن دۆلاری تۆمار کرد.