دوو پێشنیاری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بەنزین لە هەرێم

لە کۆتا کۆبوونەوەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش سەبارەت بە پرسی ٥٠ هەزار بەرمیلی نەوت، کە لەلایەن هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەچوو، تێیدا دوو بژاردەی سەرەکی وەک ڕێگاچارە خرانەڕوو.

د.غالب محەممەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە فۆر نیوز-ی ڕاگەیاند، لیژنەکە دوو ڕێگەی پێشنیارکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە:

گەڕاندنەوەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو (مدعوم) بە هەمان پشک و ڕێژەی پارێزگاکانی تری عێراق (وەک مووسڵ و بەسرە) دابین بکات بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەم نرخانەی خوارەوە:

بنزین: ٤٥٠ دینار بۆ هەر لترێک

گاز ٤٠٠ دینار بۆ هەر لترێک

نەوتی سپی: ٣١ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ هەر بەرمیلێک

پێشنیاری دووەم  مانەوەی ٥٠ هەزار بەرمیلەکەی هەرێم لەگەڵ زیادکردنی بڕەکەی بەپێی پێویستیی ڕاستەقینەی هەرێم، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی پاڵاوگەکانی عێراق میسافی کە ئەندامە لە لیژنەکەدا.

جگە لەوە  تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتەکە بە پاڵاوگەکانی هەرێم ڕێکخستنی بۆ دەکرێت.

بەرهەمە پاڵاوتووەکان بەنزین، گاز، نەوتی سپی بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێن.

نەوتی ڕەش ڕادەستی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی نەوت سۆمۆ دەکرێت، ،هەروەها سەبارەت بە بڕی حەوت دولار  نیوی کرێی پاڵاوتن بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ وەزارەتی نەوت ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

کۆتاییدا، لیژنەکە پێشنیاری کردووە کە کارەکانیان بەردەوام بێت و چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕيارانە بکەن، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە سووتەمەنی پاڵپشتیکراو بە نرخی دیاریکراو بە تەواوی دەگاتە دەستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەم پێشنیارانە لە ڕێگەی لیژنەی  نەوت و گاز بۆ سەرۆکی پەرلەمان دەنێردرێن لە ناو هوڵی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت و پێویستی بە نیساب نیە بۆ پەسەندکردن