میترۆ: رێکخەرانی کەمپینی بەهەرێمکردنی سلێمانی پەلاماری رۆژنامەنووسانیان داوە

سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی لە پەلاماردانی تیمەکانی ئای نیوز، ئێن تیڤی عێراق و کەناڵی ئەلسالسەی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، رێکخەرانی کەمپینی بەهەرێمکردنی سلێمانی رێگرییان لە کاری تیمە رۆژنامەوانییەکان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوی میترۆ، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بەردەم باخی گشتیی سلێمانی، تیمەکان بۆ رووماڵکردنی کەمپینی واژۆکۆکردنەوە ئامادە بوون، بەڵام لە کاتی پەخشی راستەوخۆی ئای نیوز بۆ هەواڵەکانی کاتژمێر 11، پەلامار دراون و پەخشەکەیان پێ راگیراوە.

زوحا ئەمەعازیدی، پەیامنێری ئای نیوز، بە میترۆی راگەیاندووە کە ئەوان و تیمەکانی دیکە بۆ گواستنەوەی هەواڵی کەمپینەکە چووبوونە شوێنەکە، بەڵام رێکخەران پەخشی راستەوخۆیان پێ راگرتوون و لە شوێنەکە دەریانکردوون.

بە گێڕانەوەی پەیامنێرەکە، رێکخەرانی کەمپین داوایان لێکردوون وێنەیان نەگرن و رووخساریان لە پەخشدا دەرنەخەن. ئەو رەخنەی لەو داواکارییە گرتووە و پرسیاری کردووە چۆن کەمپینێک لە ناوەندی شار خێمە دادەنێت و واژۆ کۆدەکاتەوە، بەڵام رێگە بە وێنەگرتن و پیشاندانی بەڕێوەبەرانی نادات.

سەنتەری میترۆ جەختی کردووەتەوە، ئەو جۆرە رەفتارە نەدەبوو لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام بدرێت کە بە شێوەیەکی مەدەنی بۆ پرسێکی سیاسی واژۆ کۆدەکەنەوە.