زانیاری فۆر نیوز: لە فیشخابوور بەنزین بە تانکەری ئاو دەبرێتە سوریا

بەپێی زانیارییەکانی فۆر نیۆز، رۆژانە نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ تانکەری گازی پاڵاوگەی کار (گازوایل) لە رێگەی دەروازەی فیشخابوورەوە دەچنە ناو خاکی سوریا و بەرەو ناوچەکانی تەل ئەبیەز و لازقییە دەڕۆن. جگە لەمەش، ماددەی قیڕ و چەندین کەرەستەی تری بازرگانی بەو دەروازەیەدا دەرباز دەبن.

لە لایەکی ترەوە، هەندێک رێکاری نایاسایی بۆ تێپەڕاندنی بەنزین پەیڕەو دەکرێت، بە شێوازێک کە بەنزین لە رێگەی تانکەری ئاوەوە دەرباز دەکرێت و رۆژانە نزیکەی ٢٠ تەنکەر بەو شێوازە سنوورەکە دەبڕن.

سەرەڕای ئەوەی ئامێری پشکنیین سۆنەر لە دەروازەکەدا دابین کراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا کار ناکات، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی کەشێک بۆ جووڵەی گوماناوی و قاچاخچێتی.

لە بەشێکی تری پرۆسەکەدا، بۆ تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بڕە پارەیەک بە ناوی جیاواز وەکو رسومات وەردەگیرێت. بەم شێوازە:

٢٥ دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر.

١٧ دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی بەتاڵ.

داهاتەکەشی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت،بەڵکو بۆ چەند کۆمپانیایەک دەڕوات.