وەزیری دارایی عێراق: حکومەت دەیەوێت لە رێی دامەزراندنەوە کۆتایی بە پرسی گرێبەست و کارمەندانی رۆژانە بهێنێت

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاند حکومەت هەوڵ دەدات بە گواستنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست و کارمەندانی رۆژانە بۆ میلاکی هەمیشەیی، کۆتایی بە دۆسییەکەیان بهێنێت و ساڵانی خزمەتی پێشووشیان هەژمار بکرێت.

بەپێی لێدوانە بڵاوکراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، فالح ساری لە کۆڕی ناوەندەکانی بیرکردنەوەی عێراق و تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاراستەی حکومەت، جێگیرکردنی ئەو کارمەندانەیە لە میلاکی هەمیشەیی.

وەزیری دارایی هەروەها وتوویەتی، دوای پێداچوونەوە بە بڕگە داراییەکانی بودجەی 2027، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەندی بکات. بە وتەی ئەو، دروستکردنی وەزارەتی ئابووری و حوکمڕانی وای کردووە حکومەت بەشێک لە بڕگە و تەوەرەکانی بودجەکە دووبارە بپشکنێتەوە.

پێشتر، لە 20ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، فالح ساری راگەیاندبوو بڕگەی جێگیرکردنی گرێبەستەکان خراوەتە ناو رەشنووسی بودجەی 2027  و وەزارەت کاری لەسەر کۆکردنەوەی ژمارە و زانیاریی کارمەندان و هەژمارکردنی تێچووی دارایی دامەزراندنەکە کردووە.