
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئێستا بەردەوامبوون لە فشاری توندی ئابووری لەسەر ئێرانی هەڵبژاردووە. ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە قسەی سێ کەس کە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوون، راپۆرتی داوە کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێشەممە 10ی تشرینی دووەم ئەم بڕیارەی لە دانیشتنێکی داخراوی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە پاریس خستووەتەڕوو.
بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ دەستپێکردنەوەی جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تارانیشی تاوتوێ کردبوو. روبیۆ بە هاوتاکانی وتووە کە واشنتن دەتوانێت سزا ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی بەردەوام بکات. بە وتەی ئەو، ئەم فشارە فرۆشتنی نەوت و گازی ئێران لە بازاڕی جیهانیدا قورس کردووە و لە ئێستادا پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان نییە.
ترەمپ رۆژی دووشەممە، دوای دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، وتی ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران لە ئێستادا کەمە. روبیۆش لە دانیشتنەکەدا وتوویەتی کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە فشاری ئابووری دیاری نەکراوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی وتووە کە عێراق، تورکیا و پاکستان لە درێژەکێشانی ئەم سیاسەتە نیگەرانن. بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەو وڵاتانە دەترسن ئەگەر واشنتن فشار بخاتە سەریان بۆ وەستاندنی بازرگانی و فڕینەکان و داخستنی سنوور لەگەڵ ئێران، ناوخۆیان تووشی ناسەقامگیری ببێت.