
چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەممە، 14ی تشرینی دووەم، پڕۆژەی یاسای بودجەی 2027 تاوتوێ بکات. پشکی هەرێمی کوردستان، پابەندییە نەوتییەکان و داهاتە نانەوتییەکان لەو بابەتانەن کە هەولێر و بەغدا هەوڵ دەدەن پێش ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان لەسەریان رێک بکەون.
عەبدوزەهرە هینداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، تاوتوێکردنی بودجە لە سێشەممەوە بۆ شەممە دواخراوە. ئەم بڕیارە دوای دیداری عەلی فالح زەیدی و مەسرور بارزانی هات. لە دیدارەکەدا، لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجە، گفتوگۆ لەسەر بەردەوامیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان کرا.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە سەباحی وتووە پشکی هەرێم لە پڕۆژەکەدا بە 12 تریلیۆن و 800 ملیار دینار خەمڵێنراوە. بە وتەی ئەو، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی کەمتر لە بڕی تەرخانکراوی بودجە خەرج بکات، ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت لەوانەیە بۆ نزیکەی 11 تریلیۆن دینار دابەزێت و کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچەکان هەبێت.