خەزعەلی داوا دەکات پارێزگاری نوێی کەرکووک شیعە بێت

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، داوای کردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتە کەسایەتییەکی شیعە. سەرچاوەیەکی سیاسی بە شەفەقی وتووە، ئەم ناڕەزاییە لەوانەیە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دوا بخات، ئەگەر لایەنەکان پێکنەگەن.

بە وتەی سەرچاوەکە، خەزعەلی پشت بە رێککەوتنێکی پێشوو لەگەڵ محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، دەبەستێت. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، محەممەد سەمعان وەک کەسایەتییەکی سوننە پۆستی وەزیری دەوڵەت وەردەگرێت و پۆستی پارێزگار دەدرێتە کەسایەتییەکی شیعە.

سەرچاوەکە دەڵێت ناڕەزایی خەزعەلی لەسەر سپاردنی پۆستەکە بە کەسایەتییەکی سوننەیە و پەیوەندی بە کەسایەتیی قەحتان وەنداوی، کاندیدی تورکمان، نییە.

بەپێی راپۆرتەکە، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کاتژمێر 4ی دوای نیوەڕۆی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەم، دیاری کراوە. لە بەرنامەی دانیشتنەکەدا باسکردنی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان ئاغا لە پۆستی پارێزگار و هەڵبژاردنی جێگرەوەکەی هەیە.

قەحتان وەنداوی و ماردین کۆک قایا دوو کاندیدی تورکمانن و سەرچاوەیەکی شەفەق ئەگەری هەڵبژاردنی وەنداوی بە زیاتر زانیوە.

سەمعان ئاغا پێشتر، لە 28ی تشرینی یەکەم، وتبووی پابەندی رێککەوتنی نۆرەیی پۆستەکەیە و ئامادەیە دەست لە کار بکێشێتەوە، ئەگەر ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێکی تورکمان کۆببێتەوە. بە وتەی ئەو، پۆستی پارێزگار تا کۆتایی ماوەی دیاریکراو پشکی پێکهاتەی تورکمانە.