
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی بودجەی فیدراڵی، کە بڕەکەی 217 تریلیۆن دینارە، نزیکەی 12 تریلیۆن و 800 ملیار دینار خەمڵێنراوە.
دلێمی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمیی عێراق وتی، ئەم بڕە نزیکەی 6%ی کۆی بودجە پێکدەهێنێت. بەڵام روونی کردەوە کە ئەو پارەیەی لە کردەوەدا خەرج دەکرێت، لەو بڕە کەمتر دەبێت، چونکە دابەشکردنی پارە پەیوەستە بە ڕێژەی خەرجیی راستەقینەی حکومەتی عێراقەوە، کە بەگوێرەی قسەکەی لە نێوان 80% تا 90% دەبێت.
بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، ئەگەر خەرجیی راستەقینە بەو رێژەیە بمێنێتەوە، تەمویلی کرداریی هەرێم لەوانەیە بگاتە نزیکەی 11 تریلیۆن دینار. دلێمی هۆشداریشی دا کە کەمبوونەوەی بڕی خەرجکراو رەنگە کاریگەری لەسەر رێکخستن و بەردەوامیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی داراییی عێراق کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تەمویل و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان.