
ناوەندی چاودێریی ئابووریی “ئیکۆ عێراق” رایگەیاند، زیانی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دوای هێرشەکەی سەری، رۆژانە بە نزیکەی 4 ملیۆن و 154 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی راگەیاندنی ئیکۆ عێراق، پێش هێرشەکە کۆرمۆر رۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێی سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنا. ناوەندەکە بەهای ئەو بڕە گازەی بە 2 ملیۆن و 310 هەزار دۆلار لە رۆژێکدا خەمڵاندووە. ئەمە گەورەترین بەشی زیانە رۆژانەکە پێک دەهێنێت.
بەرهەمی گازی شلەی نەوتی (LPG)، کە بۆ پڕکردنەوەی بوتڵی گازی ماڵانیش بەکاردێت، رۆژانە نزیکەی 1,400 تۆن بووە. بە نرخی خەمڵێنراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بەهای ئەم بەرهەمە رۆژانە دەگاتە 1 ملیۆن و 8 هەزار دۆلار.
ناوەندەکە دەڵێت لە خەمڵاندنەکەیدا تەنیا بەهای ئەو بەرهەمانەی حیساب کردووە کە بەهۆی وەستانی کێڵگەکەوە بەرهەم ناهێنرێن. تێچووی وەستانی کاری کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە و زیانی ناڕاستەوخۆی کەمبوونەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لەو ژمارەیەدا ئەژمار نەکراون.