عێراق بۆ وەرگرتنەوەی کەمپی بەعشیقە لە تورکیا ئامادەکاری دەکات

بەغدا و ئەنقەرە لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکانن بۆ رادەستکردنی کەمپی زێلکان لە نزیک بەعشیقە. بەپێی راپۆرتی ئەمڕۆی رۆژنامەی سەباح، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای 2027 هەنگاوەکانی رادەستکردنی کەمپەکە لە مەیداندا دەست پێ بکەن و بەڕێوەبردنی بە تەواوی بگوازرێتەوە بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق.

سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە رۆژنامەکەی وتووە هەماهەنگیی تەکنیکی و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە. نەعمان دوێنێ بە تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراقی وتبوو کشانەوەی هێزەکانی تورکیا بە قۆناغ لەم مانگە دەست پێ دەکات و بەپێی پلان تا کۆتایی 2026 بوونی هێزە تورکییەکان لە کەمپەکە کۆتایی دێت.

کەمپی زێلکان لە نزیک بەعشیقەی پارێزگای نەینەوایە. تورکیا لە 2015، لە کاتی شەڕی داعشدا، بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمپەکەی بۆ راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە دامەزراند. دواتر مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە کەمپەکە بووە خاڵێکی ناکۆکی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر رادەستکردنی کەمپەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی رێککەوتن.